دکتۆر نەھلە بۆ KDP: چاوەڕێ دەکرێت ماوەی کۆمسیۆن درێژ بکرێتەوە

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ پاشنیوەڕۆ پەرلەمان لەبارەی دوو پرسی گرنگەوە کۆدەبێتەوە و دەشڵێ، چاوەڕێ دەکرێت ماوەی کۆمسیۆن بۆ شەش مانگ درێژ بکرێتەوە.
دکتۆر نەھلە قادر ئەفەندی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فڕاکسیۆنی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ بڕیارە کاتژمێر ١:٠٠ی دوای نیوەڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە، وەکو نەریتێکیش لە پەرلەمان ھیچ کاتێک لە وادەی خۆیدا کۆبوونەوە ناکرێت و ڕەنگە ئەمڕۆ بەھۆی ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێرن، پەرلەمانتاران ئامادە بن، بەمەش ھەندێک کۆبوونەوە دوادەکەوێت، بەڵام دوو پرسی گرنگ لەخۆ دەگرێت، ئەوەی لای ئێمە گرنگە ھەموارکردنەوەی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقە، کە پێشتر واژۆمان کۆکردەوە بۆ ئەوەی ماوەکەی درێژ بکرێتەوە و رەزامەندی لەسەر درا و خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ کرا، کە شەش مانگ ماوەکەی درێژ بکرێتەوە، بۆیە ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و پێناچێت گرفتی بۆ دروست بکرێت و ڕەنگە ھەر لەم ھەفتەیەدا دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت، چونکە ھەموو لایەنەکان کۆکن کە پێویستە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت و بۆ ئەمەش پێویستە ماوەی کۆمسیۆن درێژ بکرێتەوە".
ئەفەندی گوتیشی: "بڕگەیەکی دیکەش ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانە، کە ئەویش گرنگە و چاوەڕێ دەکرێت تێپەڕێندرێت، چونکە ئەمجارە دوو کاندید ھەن، ئەوانیش مەحموود مەشھەدانی و سالم عیساوین، کە پێشتر چوار کاندید ھەبوون، بۆیە گەر لە گەڕی یەکەمی دەنگدانیش کەسیان دەرنەچن، لە گەڕی دووەم بە جیاوازیی دەنگێکیش یەکێکیان دەردەچن".
ئاماژەشی دا: "وەک سەرۆک بارزانی پێشتر جەختی لێ کردووەتەوە، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پشکی سوننەیە و سوننەکان لەسەر کێ بگەنە رێککەوتن، ئێمە وەک فڕاکسیۆنی پارتی گرفتمان نییە، بۆیە رەنگە لەنێو خۆیاندا کە دوو کاندیدیان ھەیە، دەنگەکان پەرش و بڵاو بن، گەرنا ئێمە گرفتمان لەسەر ئەوە نییە".
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "بەرنامەی کاری ئەمڕۆ سێ بڕگە لەخۆ دەگرێت، یەکەم پشووەکانی عێراق ساڵانە بە یاسا رێک دەخرێت و خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت، بڕگەی دووەم خوێندنەوەی دووەم بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کۆمسیۆن دەکرێت و بڕگەی سێیەم ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە".
بڵند ئیبراھیم




