٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی 5ی پارتی بۆ KDP: بەرنامەیەکی شەش مانگیمان داناوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا ده‌ڵێ،  لە بەغدا نزیکەی ٤٠٠ هەزار کورد ھەیە و لایەنگرانی ئێمەش تەنھا کورد نین، بگرە عەرەب و تورکمان و پێکھاتەکانی دیکەش لایەنگرمانن، چونکە بەغدا گەورەیە و ڕێژەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ١٠ ملیۆن کەس دەبێت و بەردەوامیش خەڵکی تازە دێتە لای ئێمە و دەرگای ئێمەش بۆ ھەموو خەڵک واڵایە.

ئازاد حەمید شەفی، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی گۆڕانکاری لە بەرپرسی لقی پارتی لە بەغدا کرا و من وەکو بەرپرسی لق دەستبەکار بووم، کۆمەڵێک ھەنگاومان لە پێشە کاریان لەسەر بکەین، بە تایبەت لە ڕووی رێکخستنەوە، بەرنامەیەکی شەش مانگیشمان داناوە و ژمارەیەکی زۆری ئەندام و کادیر ھەن ئامادەن لە رێکخستندا کار بکەن".

بەرپرسی لقی پێنج دەشڵێ: "لە دەستەی کارگێڕیی لق کۆمەڵێک گۆڕانکاریمان کردووە، بۆ ئەوەی بتوانین کاری خۆمان باشتر بکەین و ئەوەی لە ھەر بوارێک توانای ھەبێت، لەوێ دامانناوە کار بکەن، رۆژانەش لە بارەگای لق پێشوازی لە خەڵک دەکەین، هەروەها خۆشمان به‌ مەیدانی سەردانی خەڵک دەکەین، بۆ ئەوەی بەردەوام لەناو خەڵک بین و ئاگاداری گرفت و داواکاریی خەڵک بین، بۆیە رۆژانە لە ھەموو پێکھاتەکان سەردانی ئێمە دەکەن، تەنانەت لە حیزبەکانی دیکەش سەردانمان دەکەن و پەیوەندیشمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە زۆر باشە و دەمانەوێت پەیوەندیمان لەگەڵ ھەموو لایەنەکان باش بێت، بۆیە ئێمە وەکو پارتی لە بەغدا دەمانەوێت خزمەتی خەڵک بکەین و پەیوەندیی باشمان لەگەڵ ھەموو لایەنەکاندا ھەبێت".

بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا ڕوونیشی کردەوە: "لە بەغدا نزیکەی ٤٠٠ هەزار کورد ھەیە و لایەنگرانی ئێمەش تەنھا کورد نین، بگرە عەرەب و تورکمان و پێکھاتەکانی دیکەش لایەنگرمانن، چونکە بەغدا گەورەیە و ڕێژەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ١٠ ملیۆن کەس دەبێت، بۆیە بەردەوام خەڵکی تازە دێتە لای ئێمە و دەرگای ئێمەش بۆ ھەموو خەڵک واڵایە".

دەشڵێت: "بەغدا ئێستا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئەوانەی دژایەتیی ھەرێم و بە تایبەت پارتییان دەکرد، پێویستە پەیوەندییان لەگەڵ پارتیدا باش بێت و پارتی بە نوێنەری ھەرێمی کوردستان حیساب دەکەن، ھەر بۆیە بەم دواییانە گۆڕانکاریی باش دروست بوو لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان و ئێستا دۆخەکە باشە و پەیوەندییەکانیش باشترن، سەرەڕای ئەوەش کار دەکەین بۆ ئەوەی زیاتر پەیوەندییەکان بەرەو پێشەوە بچن و ئەو کێشانەی هەن چارەسەر بکرێن".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار