٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا كرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ـی 5ـی 2024 مەسروور بارزانی سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جێفری پایت یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلینا ڕۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی پەرەپێدان و پێشخستنی کەرتی وزە و دەرفەتەکانی سوود وەرگرتن لە وزەی خاوێن و نوێبووەوە و پلان و پڕۆژەکان لە پێناو باشترکردنی دۆخی کارەبا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی ڕاگرتنەکەی، چەندین ملیار دۆلار زیان بە داهاتی گشتیی عێراق کەوتووە.

پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکوومەت و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەردانی وێستگەی کارەبای ماس گڵۆبەڵ لە پیرداود و وێستگە و کێڵگەی خورماڵەی سەر بە کار گرووپ-یان لە پارێزگای هەولێر کرد و بەشەکانی هەردوو وێستگەکەیان بەسەر کردەوە.

دواتر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەرەوپێشبردنی کەرتی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی بەکارهێنانی وزەی پاک و خاوێن و لەبەرچاوگرتنی پاراستنی ژینگە و سنووردانان بۆ پیسکردنی هەوا.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا کە جێی خۆشحاڵییە گوێبیستی ئەوە بووین ئەمەریکا گرنگی بە پێشخستنی کەرتی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات و پشتیوانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی لەم کەرتانەدا بتوانین هەنگاوی باشتر و  پێشکەوتنی باشتر بە دەست بهێنین.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ کوردستانێکی بەهێز و گەشەسەندوو لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدرالدا دەربڕی.

گوتیشی خۆشحاڵم کە دەبینم پیشەسازی وزە لەم ناوچەیە پێشکەوتووە و لە ئاستی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکاندایە، کاتێک سەیری دیمەنەکە دەکەم، زۆر لە ناوچەکانی بەرهەمهێنانی نەوتمان لە ئەمریکا بیردەخاتەوە و ئێرە وەکوو (ئۆکلاهۆما)یەکی بچووک وایە.

هەواڵی پەیوەندیدار