٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"نوێنەرانی پارتی لە ناوچە کوردستانییەکان بوونەتە پردی گەیاندنی داواکاری خەڵک"

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ -KDP.info- سەرۆکی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: ئێمە وەکو نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچە کوردستانییەکان بەردەوام لەناو خەڵکین، بۆ ھەموو ناوچەکان ڕەزامەندیمان بۆ پڕۆژەی جۆراوجۆر ھێناوەتەوە.

شێروان دووبەردانی، سەرۆکی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: چەندین ساڵە ئێمە وەکو نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ لقەکان و نوێنەرانمان لە حکوومەت و ئیدارەی پارێزگاکان کاردەکەین بۆ گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە ناوچە کوردستانییەکان، ئێستا ڕەزامەندی چەندین پڕۆژەمان وەرگرتووەتەوە، ڕێگای باشیک، حەمدانییە و سنووری قەزای شێخان و گەیاندنی کارەبا و ئاو بۆ ناوچەکان و لێدانی بیری تازە بەشێکن لەو پڕۆژانە، شایانی باسە مانگانە ڕەزامەندی بۆ کۆمەڵێک پڕۆژە لە ئیدارەی پارێزگا و لە بەغداوە دەگەرێنینەوە.

شێروان دووبەردانی گوتیشی: جگە لەوەش مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیمان بۆ ھەزار کەس لە مووسڵ تا دەگاتە کەرکووک بڕیوەتەوە، بۆ دامەزراندنیش خەڵکێکی زۆر لەڕێگەی ئێمەوە دامەزراوە، بەتایبەت لە کەرتی تەندروستی و پەروەردە، لە وەزارەتی ناوخۆش ئەوانەی فەسل کرابوون دووبارە گەڕێندراونەتەوە.  ئێمە لە ھەفتەی ڕۆژێک لە بارەگاکانی پارتی دادەنیشین و گوێ لە داواکاری خەڵک دەگرین و دەیگەیەنینە لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی چارە بکرێت.

دووبەردانی باسی لەوەش کرد: سەردانی مەخمورمان کرد بۆ ئەوەی کێشەی ناردنی گەنمی جووتیاران بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق چارە بکرێت.

دەشڵێت: یەکێکی دیکە لە کارەکانمان دروستکردنی بەرزە پردە لە گۆمر کە سودێکی زۆر باشی بۆ خەڵکی ناوچەکە ھەبوو و بڕیارە ھەفتەی داھاتوو پردی خازر و کەلەک دروست بکرێت، پارێزگار خۆی سەردانی کردووە.

ئێمە خۆمان بە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی خۆمان دەزانین و ھەر ھاووڵاتییەک ھەر کارێکی ھەبێت ئێمە پردی پەیوەندی نێوان خەڵک و لایەنی پەیوەندیدار دەبین.


بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار