لیژنەی ئاسایش و بەرگری: داعش لە دەرفەت دەگەڕێ بۆ ھێرشکردن

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ھێرشەکەی شەوی رابردووی داعش، نیشانەی ھەبوونی داعشە لە ناوچەکەدا و دەشڵێ، پێشبینیی ھێرشی دیکەش دەکرێت ئەگەر دەرفەت بۆ چەکدارانی داعش بڕەخسێت.
سەکڤان یوسف، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "داعش لە عێراق کۆتایی نەھاتووە و ھێشتا ئەو گرووپە تیرۆریستییە ھەڕەشەیە لەسەر سەقامگیریی عێراق، ھێرشەکەی شەوی رابردووی داعشیش لە نێوان دیالە و سەڵاحەددین بۆ سەر ھێزەکانی سوپای عێراق، پەیامێکە لەلایەن داعشەوە، کە ئەگەر لەمەودوا دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، ھێرش و کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن".
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەشڵێت: "چەکدارانی داعش لە زۆر ناوچەی عێراق خۆیان حەشار داوە و لە دەرفەت دەگەڕێن بۆ ھێرشکردن، بە تایبەتی ھەندێ ناوچەی وەک دیالە و سەڵاحەددین و روممادی پاشماوەکانی داعشیان تێدایە".
یوسف ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لە ھێرشەکەی شەوی رابردووی داعش بۆ سەر ھێزەکانی عێراق، ئەفسەرێک و چوار سەربازی عێراقی کوژراون، ئەمە دوا ھێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش نابێت لە عێراق، ھیچ کاتێک کەسیش نەیگوتووە داعش کۆتایی ھاتووە، ھەتا ئەوانیش مابن، مەترسییەکە ھەر دەمێنێت".
قائید میرۆ




