٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حەڤدە ساڵ بەسەر کارەساتی لقی ٢٣ی پارتی تێدەپەڕێت

سەرچاوە: KDP.info

مەخموور-KDP.info- ئەمڕۆ لە دەڤەری مەخموور یادی حەڤدە ساڵەی کارەساتی بارەگای لقی ٢٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرز ڕاگیرا، بەرپرسی لقی پارتیش دەڵێ: دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت لایەنێکی سیاسی کوردی دەستی ھەبووە لە ڕێنیشاندان بۆ نانەوەی کارەساتی بارەگای لقی ٢٣ی پارتیمان.

سەنگەر کانەبی، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچووغ لە مەراسیمەکەدا گوتی: دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و گەڕانەوەی پارتی و دەسەڵاتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەڤەری مەخموور شەمشەمەکوێرەکان چاویان بەو ئازادی، ئاوەدانی و پێشکەوتنەی لەسەر دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان ھاتبووە کایەوە ھەڵنەھات، لق، لیژنە ناوچە، ڕێکخراو و کادیرەکانی ئەو سنوورە بە ھەموو پێکھاتەکانەوە دەستیان بە خزمەتکردنی ناوچەکە کرد.

بەرپرسی لقی ٢٣ی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەداخەوە ڕۆژی ١٣ی ئایاری ٢٠٠٧ بارھەڵگرێک کە زیاتر لە (دوو ھەزار) کیلۆگرام ماددەی (تی ئێن تی) ھەڵگرتبوو بارەگای لقی کردە ئامانج و کارەساتێکی گەورەی نایەوە، زۆر بەداخەوە دوای لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەرکەوت لایەنێکی سیاسی کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان ڕێنیشاندەر و ڕێخۆشکەربوون بۆ ئەنجامدانی کارەساتەکە.

یەحیا پاڵانی، کارگێڕی لقی ٢٣ی قەرەچۆغ و برینداری ڕووداوەکە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ڕۆژی ١٣ی ئایاری ساڵی ٢٠٠٧ بارھەڵگرێکی پڕ لە ماددەی تەقینەوە و تی ئێن تی خۆی بە بارەگای لقی ٢٣ی قەرچووغی پارتیماندا کرد لە شارۆچکەی مەخموور، بەڵام پاسەوانەکانی لق نەیانهێشت بگاتە ناو بارەگا و لە دەرەوەی بارەگا تەقییەوە، بەداخەوە لە کارەساتەکەی لق ٣٧ ھەڤاڵ شەھید بوون و زیاتر لە ١٢٠ کەسیش برینداربوون، بریندار و شەھیدەکان بەشی سەرەکییان لە کادیر و ھەڤاڵانی بارەگای لق بوون و ژمارەیەک ھاووڵاتیی نزیک ڕووداوەکەش بوونە قوربانی.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار