لەیلا قاسم یەکەم ئافرەت بووە لەسەر بیروڕای سیاسی لەسێدارە بدرێت

ئەورووپا -KDP.info- دوێنێ لقی شەشی ئەورووپای پارتی سیمینارێکی لەڕێگەی وێبنارەوە لەیادی پەنجا ساڵەی شەھیدبوونی لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی بەڕێوەبرد، تێیدا تیشکخرایە سەر ڕۆڵی شەھید لەیلا قاسم و ڕووداوی شەھید کردنیان.
لە سەرەتای سیمینارەکەدا فەزیلە شۆڕش سەرۆکی ئەنجوومەنی ئافرەتان لە ئەورووپا، گوتی: ئەمڕۆ یادی پەنجا ڕۆژی دایکانی جیھانە، بەداخەوە ئەمڕۆ یادی لەسێدارەدانی ئەفرەتێکی کوردەیشە بەناوی «لەیلا قاسم» کە لەگەڵ ھاوڕێکانی بەدەستی ڕژێمی بەعسی فاشیست لەسێدارە دران، لە یادی پەنجا ساڵەی شەھیدکردنی لەیلا قاسم، دەڵێین، ئافرەت و دایکان بناغەی مانەوەی گەلی کوردن، لە شۆڕشەکانی گەلی کوردستان ئافرەت ھەموو شتێک بوو پێشمەرگە، مامۆستا و تەنانەت کرێکار بوو.
فەزیلە شۆڕش گوتیشی: کاتی ھەواڵی لەسێدارەدانی خۆشکە لەیلا و ھاوڕێکانیم پێگەیشت کوردستان لەژێر دڕندانەترین ھێرشی بەعسی فاشیست بوو، زۆر بەداخەوە بەر لە لەسێدارەدان و شەھیدکردنی لەیلا قاسم چاوی دەر ھێنرابوو.
دواتر یادگار مەحموود، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی شەھیدکردنی لەیلا قاسمەوە گوتی: ئەوەی جێی سەرنجە بۆ لەنێو ئەو پۆلە شەهیدە لەسێدارەدراوە تەنیا ناوی لەیلا قاسم دیارە! .. ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە "لەیلا" ئافرەت بوو یەکەم ئافرەت بوو لە عێراق لەسەر کێشەی سیاسی لەسێدارە بدرێت، دەبوایە ئێستا ئێمە وەکوو ڕووداوێکی نەتەوەیی گەورە کاری لەسەر بکەین، شەھیدکردن و لە سێدارەدانی لەیلا قاسم ڕێگە خۆشکەربوو تا ئافرەتی کورد بەشداری شۆڕش بکات.
یادگار مەحموود جەختی کردەوە: چەندین جار لە بەغدا بە ئێمەیان گووتووە با چاو لە ھەرێمی کوردستان بکەین بۆ ڕێزگرتن لە شکۆی ئافرەت و پاراستنیان، پێویستە حزب یان دەسەڵات سەرمایەگوزاری باش و زیاتر لەسەر مێژووی ئافرەتی کورد بکات.
ئەم ھەنگاوانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگن بۆ بوون بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، ئەمە دەبێتە سەروەرییەکی گەورە بۆ ئایندەی نەتەوە کەمان.
قائید میرۆ




