٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: ناکرێت ھەموو مانگێک بیانوویەک بگرن و مووچە دوابخه‌ن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندی رێککەوتنە لەگەڵ بەغدا و پێویستە بەغداش چیتر بیانوو بە ھەرێمی کوردستان نەگرێت. دەشڵێ، رێککەوتن و لێکتێگەیشتنیش ھەیە و پێویستە لە کاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەران بنێرن.

د. ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "رێککەوتن لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ھەیە بۆ ئەوەی مانگانە مووچەی فەرمانبەران رەوانە بکەن و لێکتێگەیشتنیش لەنێوان ھەردوولا کراوە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و پابەندی رێککەوتنەکە بووە، بەڵام حکوومەتی عێراق پابەندی رێککەوتنەکە نییە و ھەر جارەو بیانوویەک دەدۆزنەوە، جارێک باسی وردبینی دەکەن و جارێک باسی نەناردنی لیستی ناوەکان دەکەن و ئێستاش وەزارەتی دارایی عێراق باسی نەبوونی سیولە دەکات، بۆیە ئەمە ھەمووی وا دەکات ناردنی مووچە دوابکەوێت و زەرەرمەندی یەکەمیش فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانن، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق پابەندی رێککەوتن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بێت و مووچە لە کاتی خۆیدا رەوانە بکات، چونکە ناکرێت ھەموو مانگێک بیانوویەک بە ھەرێمی کوردستان بگرن".

سەبری گوتیشی: "رێککەوتنێکی سەرەتایی لەنێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پڕۆژەی ھەژمای من لەگەڵ بانکی (تی بی ئای) ھەیە و ھەندێک رێکاری تەکنیکی ماون، بۆیە ھیوادارین ئەوەش کۆتایی بێت و یەکلا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بیانووی ئەوەش نەمێنێت کە داوا دەکرێت پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان تەوتین بکرێت، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵی بەردەوامدایە ئەو پرسەش یەکلا بکاتەوە و ھیچ بیانوویەک بۆ بەغدا نەمێنێت و کێشەی مووچە بە تەواوی چارەسەر بکرێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت: "داواکارین حکوومەتی عێراق ناردنی مووچەی فەرمانبەران بکاتە ئەولەویەتی کارەکانی و مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان رەوانە بکات، چونکە ناکرێت ھەر مانگێک بیانوویەک بە ھەرێمی کوردستان بگرن و ناردنی مووچەی فەرمانبەران دوابکەوێت، لەبەر ئەوەی ئێستا مانگی پێنجە و هێشتا مووچەی مانگی چوار رەوانە نەکراوە".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار