وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ KDP: هەموو لایەکمان ئاگادار کردووەتەوە.. ھەفتەی داهاتوو کۆبوونەوە دهكهین

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، گفتوگۆی رۆژانە لەگەڵ بەغدا هەیە و حکوومەتی ھەرێم و نوێنەرانی کورد لە بەغدا لەسەر هێڵن، بۆ ئەوەی لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانەوە بگەینە ئەنجامێکی باش و زۆرترین رێژەی گەنم وەربگرن، بۆیە ھەفتەی داھاتوو جارێکی دیکە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە کۆدەبینەوە.
کەریم سلێمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "گفتوگۆی نێوان ئێمە و بەغدا لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانەوە بەردەوامە و ھەموو لایەکمان ھێناوەتە سەر هێڵ، بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێکی کۆتایی و لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانەوە بڕیار بدرێت، بۆیە گفتوگۆی رۆژانە ھەیە و بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆبوونەوە بکرێت، بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتنی کۆتایی".
سلێمان گوتیشی: "ئێستا ھەموو کاری رۆژانەی ئێمە، تایبەت بەو پرسە کراوە و دەمانەوێت کارێک بکەین بۆ ئەوەی ئەمساڵ زۆرترین گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە وەربگیرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو لایەکمان ئاگادار کردووەتەوە لە حکوومەتی هەرێم و لەسەر ئاستی عێراقیش وەزیر و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و نوێنەرانی کورد ئاگادار کراونەتەوە، بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێکی باش، بۆیە کار دەکەین و ھەوڵی جیددی دەدەین بگەینە رێککەوتن و ئەنجامێکی باش، کە لە بەرژەوەندیی جووتیارانی ھەرێمی کوردستاندا بێت".
بڵند ئیبراھیم




