٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پۆلیسی ھەرێم: ئەنجامی بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بۆ نەھێشتنی چەکی بێ مۆڵەت دڵخۆشکەرە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info - گوتەبێژی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان گوتی: بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی نەھێشتنی چەکی بێمۆڵەت وەک خۆی لەسەر ھەموو کەسێک جێبەجێکراوە، ئەنجامەکان دڵخۆشکەرن، چونکە بەھۆی ئەو بڕیارە ئەنجامدانی تاوان بە چەک کەمی کردووە.

موقدەم کارزان غەفوریی، گوتەبێژی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی نەھێشتنی چەکی بێمۆڵەت کاریگەری زۆر باشی ھەبوو و ئەنجامەکەشی دڵخۆشکەرە، لەبەر ئەوەی رێنمایی توندی بۆ دراوە و خەڵک ناتوانێت لەیاساکە دەربچێت، ئەوەی پابەندی بڕیارەکە نەبێت خۆیان بەرپرسیارن و سزای خۆیان وەردەگرن و دەست بەسەر چەکەکەشیاندا دەگیرێت.

موقدەم کارزان غەفوریی گوتیشی: ئەوانەی تا ئێستا چەکیان تۆمار کردووە ژمارەیان لە ١٧ھەزار پارچە چەک زیاترە.

دەشڵێت، ئاماری هەبوونی چەک گرینگە، چونکە هەر کردەیەک بەو چەکانە بکرێت دەیزانین خاوەنی چەکەکە کێیە چونکە فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و ناویان بەردەستە، ئەوکات لێکۆڵینەوە و گەیشتن بە ئەنجام ئاسانتر دەبێت، بەڵام ئەوەی چەکی تۆمار نەکردبێت سزای قورستر دەبێت بەھۆی ئەوەی تۆماری نەکردووە دەست بەسەر چەکەکەیدا دەگیرێت بە قاچاخ ھەژمار دەکرێت، ئەوکات سزای یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢یان بەسەردا دەسەپێندرێت.

غەفوریی باسی لەوەش کرد: لە ھەر بازگەیەک و مەفرەزەیەکی ئەمنی دەست بەسەر چەکدا بگیرێت تۆمار نەکرابێت بە قاچاغ ھەژمار دەکرێت و یاسای چەکی لەسەر دەچەسپێندرێت و سزا دەدرێت، سزاکەیش لە زیندانیکردن لە ساڵێک بۆ سێ ساڵ و پێبژاردن لە ٢ بۆ پێنج ملیۆن دینارە، بۆیە  ھەم سزاکە قورسە ھەمیش ڕێکارەکان توندن، بۆیە پێویستە فەرمانەکەی سەرۆکی حکوومەت وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

گوتیشی: بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت ئەو شوێنانەی بازرگانییان بە چەک دەکرد داخران، خاوەنی ئەو پەیجانەی بە ئۆنلاین چەکیان دەفرۆشت ژمارەیەکی زۆریان دەستگیر کران، ئەوانەی ماویشن دەستگیر دەکرێن، بۆیە چاوپۆشی لە کەس ناکرێت و لەسەر ھەموو کەسێک بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار