٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پەنجا لە سەدی ھەولێر دەکەینە سەوزایی"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئەندازەی پاڕک و باخچەکانی ھەولێر دەڵێت: پلانێکی زۆر باشمان داناوە بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە ھەولێر، ئێستا ڕێژەکە گەیشتۆتە نزیکەی ٢٠% و ساڵانە نزیکەی ١٠٠ھەزار شەتڵ بەرھەمدێنین و دەیچێنین، ئامانجمانە ڕێژەکە بۆ ٥٠% زیادبکەین بۆ ئەوەی ژینگەیەکی پاکمان ھەبێت.


ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پاڕک و باخچەکانی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە پلانێکی زۆر باشمان ھەیە بۆ ئەوەی ڕێژەی سەوزایی لە ھەولێر زیاد بکەین، نەمامگەمان ھەیە و خۆمان نەمام بەرھەمدێنین و لەو شوێنانەی پێویستبێ دەیچێنین و دەیکەینە دارستان بۆ ئەوەی ژینگەیەکی پاکمان ھەبێت، بەپێی ڕوپێو ٢.٥% ڕێژەی سەوزایمان زیاد کردووە، ساڵانە نزیکەی ١٠٠ھەزار دار بەرھەم دێنین و دەیچێنین، ھەندێکی دەدەینە مزگەوت، قوتابخانەکان و بنکە تەندروستییەکان، زۆرینەیشی لە شەقام و پاڕکەکان دەیچێنین، ئێستا ڕێژەی سەوزایی گەیشتۆتە نزیکەی ٢٠% و ئامانجمانە زیاتری بکەین، ستانداردی نێودەوڵەتی بەپێی ڕێژەی دانیشتووان و شارەکان دەگۆڕێت، بۆ نموونە ھەولێر لە ساڵی ١٩٩٠ ڕێژەی سەوزایی ٣% بوو ژینگەش پاکتر بوو، ئێستا ڕێژەی سەوزایی زیاتر بووە ژینگەش پیسترە لەو کات، چونکە ڕێژەی دانیشتوان زیادی کردووە، هەوڵ دەدەین بەپێی پێویستی ژینگە سەوزایی زیاد بکەین.

ڕێبین ئەحمەد گوتیشی: ئامانجمانە ڕێژەی سەوزایی بگاتە نزیکەی ٥٠% و پلانمان داناوە پشتێنەی سەوزایی لە ھەولێر دروست بکەین، پشتێنەکە لەپشت شەقامی ١٥٠مەترییەوە دەستپێدەکات، ئەو پشتێنەیە پێویستی بە بودجەیەکی زۆر ھەیە، قەیرانی دارایی چارە بێت پشتێنەیەک بە پانی ٢کم بەدەوری ھەولێر دا دروست دەکەین.

دەشڵێت: ڕەزامەندی لەسەر دروستکردنی پارکێک لە گەڕەکی ژیان دراوە ئێستا لەسەر ڕووبەری ١٧ھەزار مەتری چوارگۆشە جێبەجێدەکرێت و ساڵی دابێ تەواو دەبێت.

ئاماژەیشی دا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دروستنەبوونی کێشەی ئاو بە پلانێکی ستراتیژی سوود لە دروستکردنی ئاوی پۆند و بەنداوەکان و ئاوی بەکارھاتوو وەردەگرێت، بۆیە ئێستا بۆ ئاودانی سەوزایی و دارەکان کێشەمان نییە و، ساڵانە بودجەمان بۆ تەرخاندەکرێت و گرفتمان بۆ دروست نابێت.


بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار