٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕۆشنبیران: بنکەی لالش خاوەن مێژوویەکی سەنگین و دەوڵەمەندە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش دەڵێت، بنکەی لالش لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئێستا خاوەن مێژوویەکی پڕ سەنگین و دەوڵەمەندە لە خزمەتکردنی ڕۆشنبیری و جڤاکی ئێزدییان و لەسەر ئەو ڕێبازەش بەردەوامە.

سەعید جردۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بنکەی لالش لە ڕێگای چەندین لق و نووسینگەی لە سەرانسەری ناوچەی ئێزدییان بە چالاکیی جۆراوجۆر ماوەی سی ساڵە بە پشتیوانیی سەرۆک بارزانی و ئێستاش بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی مەسروور بارزانی ئەو کاروانە بەردەوامە و لە داھاتووشدا بە پڕۆژە و خزمەتی باشتر خزمەتی جڤاکی ئێزدییان دەکەین".

دکتۆر سەعید خودێدا، مامۆستای زانکۆ و جێگری سەرۆکی بنکەی لالش، لە بارەی گرنگیی بنکەی ڕۆشنبیریی لالش لە نێو جڤاکی ئێزدیاندا دەڵێت: "بنکەی لالش، کە بە بنکەی دایک ناو دەبرێت، بووەتە قوتابخانەیەک بۆ کۆکردنەوەی ڕۆشنبیران و لە مێژووی عێراقدا یەکەم دەزگای ڕۆشنبیریی ئێزدییانە و دەرگای خۆی کردووەتەوە بۆ ئەوەی ڕۆڵی تێدا ببینن و لە ڕێگای ئەم بنکەیەوە ڕێگای خۆڕۆشنبیرکردنیان دۆزیوەتەوە".

ناوبراو گوتیشی: "بنکەی لالش ھەمیشە خۆی لە نووسەر و ڕۆشنبیرانی ئێزدی و بیانی کردووەتە خاوەن و پشتیوانیی لێ کردوون، ئێستا پەرتووکخانەی بنکەی لالش پڕە لە بەرھەمەکانی نووسەرانی ئێزدی و بیانی و بەردەوام بووە لە بڵاوکردنەوەی گۆڤار و ژمارەیەکی زۆری ڕۆژنامە، ئەویش بە پشتیوانیی جەنابی سەرۆک بارزانی و مەسروور بارزانی".

دکتۆر سەعید ئاماژەیشی دا: "دامەزراندنی ئەم بنکەیە و درێژەپێدانی لە سی ساڵی ڕابردوودا، نامەیەکە بۆ دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق ئەوانەی دەیانویست مێژووی ئێزدییان بشێوێنن لە ڕێگای چەند نووسەرێکەوە و ئێزدییان لە ڕێگای ئەم بنکەیەوە توانییان بە ئەکادیمیانە وەڵامیان بدەنەوە".

کــاروان بــاعەدری


 

هەواڵی پەیوەندیدار