نێچیرڤان بارزانى جه‌خت له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى گۆڕ‌انى ئاووهه‌وا ده‌كاته‌وه

ھەولێر-KDP.info- به‌یانیى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 2024/5/12 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌شدارى له كۆڕبه‌ندى (گۆڕ‌انى ئاووهه‌وا و كاریگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى له‌سه‌ر عێراق)دا كرد به به ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان د. له‌تیف جه‌مال ڕه‌شید سه‌ركۆمارى عێراقى فیدراڵ، مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسان و ئه‌كادیمى و لێكۆڵه‌ران و میوانانى ناوخۆ و ده‌ره‌وه له هه‌ولێر به‌ڕێوه چوو.
له ڕێوره‌سمى كردنه‌وه‌ى كۆڕبه‌نده‌كه‌دا، به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان وتارێكى ده‌رباره‌ى كاریگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى گۆڕ‌انى ئاووهه‌وا له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمى كوردستان و گرنگیى هه‌بوونى پلان و ستراتیژى به‌ره‌نگاربوونه‌وى مه‌ترسییه‌كانى پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تى:
بەڕێز جەنابی د. لەتیف سەرۆكی كۆماری عێراقی فیدراڵ،
جەنابی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاك مەسروور بارزانی،
جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاك قوباد تاڵه‌بانى،
ئامادەبووانی بەڕێز،
ڕۆژتان باش،
هه‌موو لایه‌كتان به خێر بێن بۆ كۆڕبه‌ندى (گۆڕ‌انى ئاووهه‌وا و كاریگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى له‌سه‌ر عێراق). ده‌ستخۆشى له ڕێكخه‌رانى ده‌كه‌م، هیوادارم سه‌ركه‌وتووانه كاره‌كانى ته‌واو ببن و ئه‌نجام و ڕاسپارده و پێشنیارى باش و كرده‌یى، بۆ چۆنیه‌تیى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كان، پێشكه‌ش بكات.
به‌داخه‌وه، عێراق كاریگه‌رییه‌كى زۆرى گۆڕ‌انى ئاووهه‌واى له‌سه‌ره. به‌پێى نوێترین ڕاپۆرتى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له‌سه‌ر ئاستى جیهان له ڕیزبەندی پێنجه‌مدایه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه لێكه‌وته‌ى خراپى بۆ سه‌ر ته‌واوى بواره‌كانى ژیان له عێراق به هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه هه‌یه. چه‌ندین مه‌ترسى دروست كردووه و ده‌كات، وه‌ك به‌بیابانبوونى زیاتر و له‌ناوچوونى زیاترى زه‌ویى كشتو‌كاڵى. به‌پێى ئاماره‌كان ساڵانه سەدان كیلۆمه‌تر چوارگۆشه زه‌ویى كشتو‌كاڵى له عێراق ده‌بێته وشكایى و بیابان.
هه‌روه‌ها كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام و زیاترى ئاوى سه‌ر زه‌وى و ژێر زه‌وى، لاوازبوونى ئاسایشى خۆراك، زیادبوونى كۆچ له شوێنه زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانه‌وه بۆ ناوچه‌كانى دیكه‌ى عێراق و هه‌رێمى كوردستان.
ئاماره‌كانى (IOM) ده‌ڵێن: ئه‌م ساڵانه‌ى دوایى تا مانگى ده‌ى ساڵى ڕابردوو، (130) هه‌زار كه‌س له باشوورى عێراق ناچار بوون شوێنى ژیانیان چۆڵ بكه‌ن. ئه‌مه وێڕاى تێكچوونى ئاسایشى كۆمه‌ڵگه‌یى و زیادبوونى ڕێژه‌ى بێكارى و هه‌ژارى، زیادبوونى كێشه‌ى ته‌ندروستى و كاره‌ساتى سروشتى و چه‌ندین لێكه‌وته‌ى دیكه‌ش.
دۆخى ڕابردوو وایكردووه عێراق وه‌ك پێویست نه‌پڕژێته سه‌ر گرنگى و جددییه‌تى ئه‌م بابه‌ته. بۆیه ئێستا ئێمه له عێراق و هه‌رێمى كوردستان زیاتر له وڵاتانى دیكه پێویستیمان به كارى خێرا و دانانى پلان و ستراتیژى هه‌نووكه‌یى و كورتخایه‌ن و درێژخایه‌ن هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ى ڕووبه‌ڕووى مه‌ترسیی گۆڕ‌انى ئاووهه‌وا ببینه‌وه و به‌ر به لێكه‌وته و كاره‌ساته‌كانى بگرین.
بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ ئه‌م پرسه ببێته كارى له‌پێشینه و مه‌ودا و ڕووبه‌ڕێكى زیاتر و جددیتر له سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ى كارى حكوومه‌تى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بگرێت و پێكه‌وه هاوكار بن.
بودجه‌ى پێویست لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە بۆی دابین بكرێت و دامه‌زراوه و ده‌زگاى تایبه‌تى هه‌بێت كه ده‌سه‌ڵات و توانای زیاتریان هەبێت له‌وانه‌ى ئێستا هه‌ن و له ئاستى مه‌ترسى و ئاڵنگارییه‌كان و فراوانیى لێكه‌وته‌كانیدا بن.
گرنگ و پێویسته سیسته‌م و پرۆگرامه‌كانى خوێندن و په‌روه‌رده، بایه‌خى زیاتر به هۆشیارى و كولتوورى ژینگه‌پارێزى و پاراستنى ئاو و پیسنه‌كردنى هه‌وا و كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌كارهێنانى وزه و كه‌مكردنه‌وه‌ى زبڵ و خاشاك بده‌ن، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام له ڕێگه‌ى میدیا و ناوه‌نده ڕۆشنبیرییه‌كان، ته‌نانه‌ت ئایینییه‌كانیشه‌وه، ئاستى هۆشیاریى تاك و خێزان و كۆمه‌ڵگه ده‌رهه‌ق به‌م پرسه گرنگ و ژیانییه به‌زر بكه‌نەوه.
به‌ڕێزان..
له‌گه‌ڵ گۆڕ‌انى ئاووهه‌وا و لێكه‌وته‌كانیدا، بایه‌خ و گرنگیى ئاو زیاتر ده‌بێت و ده‌بێ باشتر به‌ڕێوه ببرێت. عێراق به حوكمى ئه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى زۆرترین ئاوى ڕووباره‌كانى له وڵاتانى دراوسێوەیە، ناچاره بایه‌خێكى زیاتر به‌م پرسه بدات، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت ئاسایشى ئاوى خۆى مسۆگه‌ر بكات.
جگه له‌وه‌ى ئێمه له عێراق ده‌بێ ده‌ستوبرد بكه‌ین و له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه و جیهاندا هه‌ماهه‌نگى و هاریكاریى هاوبه‌شمان فراوان بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین به‌ره‌نگارى مه‌ترسى و ئاڵنگارییه‌كانى گۆڕ‌انى ئاووهه‌وا ببینه‌وه، گرنگه له ناوخۆشدا پلان و ستراتیژێكى نیشتمانیى تۆكمه ئاماده بكه‌ین و تا زووتره بیخه‌ینه بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه.
هه‌رێمى كوردستان به سه‌رچاوه‌یه‌كى زۆرى سامانى ئاو ده‌وڵه‌مه‌نده. ده‌بێ بایه‌خ و گرنگیى تایبه‌ت به پرۆژه‌كانى به‌نداو و پۆندى گلدانه‌وى ئاو له هه‌رێمى كوردستان و لە عێراق بدرێت. گرنگه له‌م بواره‌دا و بۆ چاندنى دارستانه‌كانیش پێویستە حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ یارمه‌تییەكی تەواوی هه‌رێمى كوردستان بدات.
هه‌ڵكه‌وته و تۆپۆگرافیاى هه‌رێمى كوردستان زۆر یارمه‌تیده‌ره بۆ دروستكردنى چه‌ندین به‌نداو و سه‌دان پۆند كه ده‌كرێ ئاوێكى زۆر گلبده‌نه‌وه و هاوكارێكی باش بن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى گۆڕ‌انى ئاووهه‌وا له‌سه‌ر عێراق. داوا له جه‌نابى سه‌رۆككۆماریش ده‌كه‌ین كه ئه‌مڕۆ ته‌شریفی هێناوە و لێره‌یە، له‌مباره‌یه‌وه هاوكار و یارمه‌تیده‌ری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت.
هه‌ر لێره‌دا ده‌مه‌وێ ده‌ستخۆشى له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكه‌م كه سه‌ركه‌وتووانه ژماره‌یه‌ك پۆندى له چه‌ندین شوێنى هه‌رێمى كوردستان دروست كردووه و ساڵانه ڕێژه‌یه‌كى باش ئاوی گلداوەتەوە، ئەم هەنگاوە جێی دەستخۆشی و پێزانینە.
به‌ڕێزان..
هه‌میشه به‌رژه‌وه‌ندیى درێژخایه‌نمان له كێشه و ناكۆكییه‌كان گه‌وره‌تره و ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌و بڕوا و بنه‌مایه كار بكه‌ین. له ماوه‌ى چه‌ندین هه‌فته‌ى ڕابردوودا له عێراق هه‌نگاوى باشمان بۆ پته‌وكردنى متمانه و كۆبوونه‌وه‌ى هه‌موومان به ده‌ورى نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كى نیشتمانییانە هه‌ڵناوه.
ئه‌وه ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌رێنى ده‌بێت به‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانه‌وه، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ش كه خێرى بۆ ته‌واوى عێراق ده‌بێت. ئێمه له عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به هاوكارى و پێكه‌وه‌یى، ده‌توانین خزمه‌تى زۆر باشتر بكه‌ین و وا بكه‌ین داهاتوو بۆ هه‌موومان باشتر بێت.
ئەو هەنگاوانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم ماوەیەدا ناویەتی بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا، هەنگاوی زۆر گرنگ و جێی دەستخۆشین. ئێمە داوا لە حكوومەتی فیدراڵ دەكەین، داوا دەكەین كە بەپیر ئەو داواكارییانەوە بێت و بە زووترین كات كێشەكان چارەسەر بكات، چونكە ئەوەی ئێستا هەیە ئەوه‌یە كە دەبێت حكوومەتی فیدراڵ ئەركەكانی خۆی بەرامبەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.
له كۆتاییدا، هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌م كۆڕبه‌نده ده‌خوازم. سوپاس و ده‌ستخۆشى پێشكه‌ش به ناوه‌ندى فه‌ره‌نسى بۆ توێژینه‌وه له‌سه‌ر عێراق، زانكۆى كوردستان ـ هه‌ولێر و دامه‌زراوه‌ى به‌حر ئه‌لعلووم ده‌كه‌م بۆ ڕێكخستنى ئه‌م چالاكییه گرنگه. هیوادارم ئه‌نجامى باش و سوودبه‌خشى لێ بكه‌وێته‌وه.
زۆر سوپاس بۆ هه‌موو لایه‌كتان،
هیواى ڕۆژیكى خۆشتان بۆ ده‌خوازم و بە خێر بێن..




