٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: پێویستیمان بە کاری خێرا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی گۆڕانی ئاووهەوا هەیە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، "پێویستیمان بە کاری خێرا و دانانی پلان و ستراتیجی هەنووکەیی کورتخایەن و درێژخایەن هەیە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی گۆڕانی ئاووهەوا ببینەوە". دەشڵێت، دەبێت ئەم پرسە ببێتە کاری لەپێشینە و مەدوا و ڕووبەرێکی زیاتر و جیددیتر لە سیاسەت و بەرنامە و کاری حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرێت و پێکەوە هاوکاربن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-05-2024، بە ئامادەبوونی لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومی و حزبی، سیمپۆزیۆمی تایبەت بە وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووریی و دیمۆگرافی عێراق، لە شاری هەولێر دەستی پێ کرد.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، "بەداخەوە عێراق کاریگەرییەکی زۆر خراپی گۆڕانی ئاووهەوای لەسەرە. بە پێی نوێترین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی جیهان، لە ڕیزبەندی پێنجەمدایە. هەڵبەتە ئەمە لێکەوتەی خراپی بۆ سەر تەواوی بوارەکانی ژیان لە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە، چەندین مەترسی دروست کردووە و دەیکات وەک بە بیانبوونی زیاتر و لەناوچوونی زیاتری زەویی کشتوکاڵی".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، بە گوێرەی ئامارەکان، ساڵانە سەدان کیلۆمەتر چوارگۆشەی زەوی کشتوکاڵی لە عێراق دەبێتە وشکایی و بیابان و ساڵانە دەیان هەزار کەس لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەو هۆیەوە ئاوارە دەبن. وەکو خۆی گوتی، تا مانگی 10ـی ساڵی ڕابردوو 130 هەزار کەس لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق ناچاربوون شوێنی ژیانیان چۆڵ بکەن و ئاوارە ببن، "ئەمە وێرای تێکچوونی ئاسایشی کۆمەڵگەیی و زیادبوونی ڕێژەی هەژاری، بێکاری، کارەساتی سروشتی، کێشەی تەندروستی و چەندین لێکەوتی دیکەی نەرێنی".

بە گوتەی نێچیرڤان بارزانی، "ئێمە لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە وڵاتانی دیکە پێویستیمان بە کاری خێرا و دانانی پلان و ستراتیجی هەنووکەیی کورتخایەن و درێژخایەن هەیە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی گۆڕانی ئاو و هەوا ببینەوە. بۆ ئەمەش دەبێت ئەم پرسە ببێتە کاری لەپێشینە و مەدوا و ڕووبەرێکی زیاتر و جیددیتر لە سیاسەت و بەرنامە و کاری حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرێت و پێکەوە هاوکاربن، بودجەی پێویست لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ دابین بکرێت و دامەزراو و دامودەزگای تایبەتی هەبێت کە دەسەڵاتی زیاتریان لەوانەی ئێستا هەن، هەبێت".

وەکو ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی کرد، "گرنگ و پێویستە سیستەم و پرۆگرامەکانی خوێندن و پەروەردە بایەخی زیاتر بە هۆشیاری و کەلتووری ژینگەپارێزی و پاراستنی ئاو، پیس نەکردنی هەوا و کەمکردنەوە و بەکارهێنانەوەی وزە و کەمکردنەوەی زبڵ و خاشاک بدەن. هەروەها بەردەوام لە ڕێگەی مێدیا و ناوەند و ڕۆشنبیرەکان و مامۆستایانی ئایینیەوە ئاستی هۆشیاری تاک و خێزان و کۆمەڵگە دەرهەق بەم پرسە گرنگە بەرز بکەنەوە".

 

هەواڵی پەیوەندیدار