سەرۆکی ئەنەکەسە بۆ KDP: دەمانویست کورد یەکگرتووبن.. پەیەدە ھاوبەش قبووڵ ناکات

دھۆک-KDP.info- سەرۆکی ئەنەکەسە، باس لە گرنگیی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان دەکات و دەڵێت، سەرۆک بارزانی ھەمیشە لەگەڵ ئەوەیە کورد لە ڕۆژئاوا یەکگرتووبن، ھەروەھا لە دیمانە تایبەتیەکەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دا ئەوە دەخاتە ڕوو، لە مانگی ئاداردا ئەمەریکییەکان بە ئێمەیان گوت دەمانەوێت جارێکیتر لایەنە کوردییەکان دانوستان بکەن، بەڵام جارێکیتر پەیەدە دەستی بە سوتاندنی بارەگاکانمان کردەوە.
نەعمەت داود، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە ھەڤپەیڤینێکی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا گوتی: "پرسی کورد بەشێکە لە پرسی سووریا، بەتەنیا چارە ناکرێت دەبێت پرسی سووریا بە گشتی و بە تەواوی چارەبکرێت، ئێمە وەک ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی لە سەرەتاوە بڕیامان دا و دەمانویست ھەڵوێستی کورد یەکگرتوو بێت، بۆ ئەوەی بزانین داواکارییەکانی کورد چین، خۆشمان خوازیاری سووریایەکی دیموکراتی فیدڕاڵین کە لە دەستوورەکەیدا مافەکانمان لەبەرچاو بگیرێن".
نەعمەت داود گوتیشی: "ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی جێگای خۆی لەنێو ئۆپۆزسیۆنی سووریا کردەوە، ئێمە ھەمیشە لەگەڵ چارەسەری سیاسیی بووین، دوورین لە بەکارھێنانی شەڕ و توندوتیژی، بۆیەش چووینە نێو ئۆپۆزسیۆن، لە دوای ساڵی ٢٠٢١ پڕۆسەی سیاسی لە سووریا لەبەر زۆر ھۆکار وەستاوە".
ناوبراو دەشڵێت: "ئەنەکەسە توانی کەیسی کوردان لە سووریا بباتە مەحفەلی نێودەوڵەتی و دوو بەڵگەنامەی سەرەکیمان لەسەر ئاستی جیھان ئیمزا کردوون، یەکەمیان/ لەگەڵ ئیتلافی نیشتمانی کە ئۆپۆزسیۆنی سووری لە ژێر چاودێری وڵاتان دایە بۆ ئەوەی مافەکانی کورد لە دەدستووری سووریا بچەسپێنرێت، دووەمیان/ بەیاننامەی (ڕیاز ٢) کە ئێمە بووینەتە ئەندامی دەستەی دانوستانکار و لە بەیاننامەکەدا خستمانە ڕوو کە سووریا وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و پێویستە ددان بە ھەموو مافەکانی کورددا بنرێت، ئۆپۆزسیۆنی سوریاش ئەو بەیاننامەی لە ژێر چاودێری وڵاتان واژوو کرد، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەبوو".
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا گوتیشی: "ھەمووان دەزانن پەیەدە ھیچ ھاوبەشێک لەگەڵ خۆی قبووڵ ناکات و یاری بە سامان و موڵکی خەڵک دەکات، بەو ئیدارەیە دەڵێن ئیدارەی زاتی و ھیچ ئیدارە نیە، کۆچکردن ڕۆژ بەڕۆژ زیاد دەبێت و تەواوی سێکتەرەکان بەرەو داڕووخان دەڕۆن".
ھاوکات باس لەوەش دەکات: "سەرۆک بارزانی ھەمیشە لەگەڵ ئەوەیە کورد لە ڕۆژئاوا یەکگرتوو بن، بەڵام جێگای داخە پەیەدە ھەموو ڕێککەوتنەکان تێکدەدات، ھەر کاتێک ئەوان تەنگاوبن دەیانەوێت ڕێککەوتن بکەن، بەڵام ئەگەر دۆخەکەیان باش بێت ھەموو شتێک تێک دەدەن".
سەرۆکی ئەنەکەسە لە بارەی نزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکانیش گوتی: "لە مانگی ئاداردا ئەمەریکییەکان بە ئێمەیان گوت دەمانەوێت جارێکیتر لایەنە کوردییەکان دانوستان بکەن بەڵام جارێکیتر پەیەدە دەستی بە سوتاندنی بارەگاکانمان کردەوە، ئێمەش ئامادەیی خۆمان دەربڕی و مەرجی خۆمان بۆیان ڕوونکردەوە".
کـــاروان بـــاعەدری




