عێراق لە دەوڵەتێکی ناوەندی بۆ دەسەڵاتی ناوەندی مەزهەبی
غازی حەسەن
ئەم ناونیشانەی سەرەوە دەرەنجامی تویژینەوەی ژمارەیەک پسپۆری سیاسی ئەمەریکییە، واتا ئەم توێژەرانە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی دوای دە ساڵ تێپەڕین بەسەر رزگاری عێراق لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانییەوە. عێراق هێشتا لە ژێر پرسیار و ئەگەری زۆردایە، سەبارەت بە پرۆسەیەک کە دەبوایە ببێتە بنەما و رێگەیەکی ئاسانکار بۆ بنیاتنانی رۆژهەڵاتێکی نوێی دیموکراسی. ئەمە بەرنامەی جۆرج بۆشی سەرۆک کۆماری ئەمەریکا بوو. بەڵام رەوتی دواکەتوو، هەروەها رژێمە دیکتاتۆر و سیستەمە خۆسەپێنەکان، پێچەوانەی ئەو کاریان کرد بۆ ئەوەی لەلایەک ئەمەریکا لە عێراق دوچاری چەقین و پاشەکشە بکەن، هەروەها عێراق بکەنە دۆزەخێک بۆ بیرۆکەی رۆژهەڵاتی ناوەراستی نوێی دیموکراسی. لە کردەوە تاکو ئێستا عێراق لە تەنگەژە و کێشەیەکی زەق و چارەنوساز دەژیت. لە لایەک پێکهاتەکانی نەیانوتانیوە لە رێگەی دیموکرتییەوە چارەسەری کێشەکانیان بکەن و هەروەسا وڵاتە هەرێمایەتییەکان رۆلێکی گەورە و ئاشکرا لە دارشتنی سیاسەتی ناوەخۆیی عێراق دەگێڕن. هەروەها لەمەش پتر گۆڕانکارییەکانی ناوچەی عەرەبی بە سلبی کاریگەریان لەسەر دەسەڵاتی سیاسیی هەنووکەیی عێراق دروست کردووە. لەلایەک لە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئیخوانییە سونییەکان و هەورەها نزیکبوونەوەی ئەگەری بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لەلایەن عەرەبە سونییەکانی سوریا لە دوای روخانی بەشار ئەسەد دەترسن و دواتریش ئابلوقەدانی حزبوللای لوبنانی و پەڕینەوەی تەنگەژەکان رووە و ئێران کە دەبێتە سنوردانان بۆ فرەبوونی جیهانگەرایی شیعە مەسەلەکان ترسێنەرانە بۆ دەسەڵاتی هەنووکە عێراق دەردەکەون. ئەمانەش راستەوخۆ کاریگەریان لەسەر رەوشی سیاسی ئەم سیستەمە پتر کردووە و زەمینەی ناکۆکی و لێکدوور کەوتنەوە و فرەبوونی تەنگەژەکانی عێراق لە ئەنجامی سەرهەڵدانەوەی ململانێی نێوان سونە و شیعە توندتر کردۆتەوە.
تەنیا رۆژنامەنووس و توێژەرە سیاسییە ئەمەریکییەکان نیگەرانن لەوەی کە رزگارکردنی عێراق نەیتوانی ئامانجەکانی خۆی لە بەدیهێنانی دیموکراسی سەرکەوتوو بکات. ئەوەتە عێراق لە وڵاتێکی ناوەندی ژێردەسەڵاتی تاکە سەرۆکێکی دیکتاتۆر و تاکە حزبی سەرکوتکەری فاشی، بەرەو ناوەندیەتێکی مەزهەبی هەنگاو دەنێت. ئەمەش بەلگەی ئەوەیە گۆڕانکارییەکان نەیانتوانیوە سیستەمێکی دیموکراسی راستەقینە لە عێراق دروست بکات.
دێنیس رۆس راوێژکاری پێشووی سەرۆکی ئەمەریکا جۆرج بۆش راشکاوانە دەڵێت (بەهای لابردنی سەدام حوسێن سەبارەت بە عێراقییەکان و ئەمەریکاش گەورە بوو. بەڵام بەداخەوە توندوتیژی بەربڵاوە و ململانێی تائیفی لە نێو پێکهاتە سیاسییەکان دەسترۆیشتووە، ئەمەش جێگەی بەرژەوەندی نیشتیمانی گرتۆتەوە) لە لایەکی دیکەوە دێڤید ئەتوای توێژەر لە پەیمانگای وۆرد ۆلسن دەبێژێت ( عێراق هەنووکە دیموکراتیەتی تێدا کەمە لە چاو بەرزبوونەوەی رێژەی توندوتیژی و تائیفیەت و زۆر بوونی سەرکوتکردن).
کێشەکە لەو کاتە دەستی پێکرد کە عێراق دامودەزگاکانی هەڵوەشیندرایەوە، سوپا پەرتوبڵاوەی پێکرا، کەسانی سەر بەرژێمی بەعسی روخاو پەرتەوازە بوون و لە گەل گروپە توندوتیژەکان یەکیان گرتەوە و دژی بوونی ئەمەریکا و خەڵکە نوێیەکە شەڕیان دەست پێکرد و تاکو ئێستاش بەردەوامن. هەروەها دەسەڵات بەرەهایی دوای کشانەوەی سوپای ئەمەریکا کەوتە دەست سەرۆک وەزیران نوری مالکی و ئەویش لە پێناو سەرکوت و بڕینەوەی رکابەرە سەرسەختەکانی خۆی بەکاری دەهێنێت. کە دەبوایە پاش کشانەوەی سوپای ئەمەریکا بارودۆخەکە بە ئاراستەی لێکبوردەیی و پێکەوەژیان و چارەکردنی سیاسیانەی کێشەکان ببردرایە، کەچی پێچەوانە هێز و مەنتیقی سڕینەوە لەلایەن مالکی دەستی پێکرا.
وەکو چۆن زۆرج بۆش هەڵەیەکی زەقی لە دوای رووخانی بەعس کرد و نەیتوانی عێراق بەم شێوەیە دروست بکاتەوە کە لە گەڵ سیستەمی دیموکراسی بگونجێت، لە بڕی رێزگرتن لە ئیرادەی پێکهاتەکانی حکوومەت داریە دەست زۆرینەی شیعە. بەهەمان شێوەش ئیدارەی باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمەریکاش تاکو هەنووکە پشتگیری ئیدارەی نوری مالکی دەکات کە لەپەنا و لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا ناکۆکییە بنەڕەتییەکان بەردەوامن و توندوتیژی و سەرکوتکردن و هەژاری و بێکاری و گرتن و راونانی وەزیر و بەرپرسانی رکابەری خۆیی و پێداگری لەسەر رووبەرووبوونەوەی هەرێمی کوردستان بەو ئامانج و سیاسەتەی کە خۆی تاک لایەنە و تاکڕەوانە دەیەوێت پیادەی بکات، سەرباری بەلاوەنانی سەرەتای هاوسەنگی و پێکەوەکارکردن و ریزگرتنی ئیرادەی سیاسی و دەستوری پێکهاتەکانی دیکە. ئەمەش وایکردووە، عێراق لە قەیرانێکی ترسناکی سیاسی بێت. تەنیا وەکو ئەمەریکییەکان خۆشیان ئاماژەی پێدەکەن و دەیزانن پێیان وایە ئەم سیاسەتە سنونە و کوردەکان بەرەو یاخیبوون دەبات. بێگومان ئەگەر سونەکان بەرنامە و دیدگایەکی سیاسی جیاشیان لە کوردستان هەبێت، بەڵام شێوازی ئیدارەکردنی سیاسی و ئەو رێبازەی نوری مالیکی لە دەسەڵات پیادەی دەکات، زەمینەی قەیراناوی بوون خۆشتر و گۆمی کێشەکان تەلخ تر دەکات. سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش ئەگەری کێشەکان لە جیاتی چارەسەری سیاسیانە و گەڕانەوە بۆ دەستور، بە ناکۆکییەکان بەرەو ئەو ئاراستەیە کە کورد ناچار بکەن بیر لە بژاردەی جیابوونەوە و سەربەخۆبوونی هەرێمی کوردستان بکەنەوە.
کار گەیشتۆتە ئەوەی باربرا سلاڤین کە توێژەرە لە ناوەندی خوارووی ئاسیا بڵێت دوای ئەم هەموو ناکۆکی و ململانێیە کار گەیشتە ئەوەی( دیکتاتۆریەتی سونە بگۆڕن بە دیکتاتۆریەتی شیعە).




