خورماڵییەکان بۆ KDP: سوپاسی سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکوومەت دەکەین

خورماڵ-KDP.info- هاووڵاتیانى خورماڵ خۆشحاڵن بە واژۆکردنى مەڕسوومى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بە هێنانەکایەى بەقەزابوونى لەلایەن سەرۆکى هەرێمى کوردستانەوە، داواکاریشن حکوومەتى هەرێمى کوردستان پڕۆژەى گرنگ بۆ بووژانەوەى زیاترى قەزاکەیان جێبەجێ بکات.
سەنعان فایەق، هاووڵاتی، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى گوت: "ئێمەی خورماڵییەکان لە بەرنامەیەکى تایبەتدا توانیمان سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانى ببینین، ئەوکات داواکاریى بەقەزابوونى خورماڵمان پێشکەش کرد، بە سوپاسەوە سەرۆکوەزیران بەقەزابوونى خورماڵى خستە بوارى جێبەجێکردنەوە و سەرۆکى هەرێمیش واژۆى بەقەزابوونى شارەکەمانی کرد، ئەمەش دڵخۆشى کردووین و چاومان لەوەیە هەنگاوى باشتر بۆ قەزاى خورماڵ بنرێت، بە تایبەت لە پەرەپێدانى زیاترى گەشتوگوزاردا، کە سەدان هەلى کار دەڕەخسێنێت".
محەمەد ئەحمەد، ڕۆشنبیر، بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "بەقەزابوونى خورماڵ هەنگاوێکى گەورە بوو، پارێزگاى هەڵەبجە قەزاى نەبوو، خورماڵیش هەموو بنەماکانى بەقەزابوونى تێدایە، بۆیە بەقەزابوونى شارەکەمان گرنگە و چەندان بەڕێوەبەرایەتیی نوێ دەکرێنەوە لەگەڵ کردنەوەى بەشێکى زانکۆ، ئەوەش وادەکات سوودى باشى هەبێت بۆ هاووڵاتیانى ئەم شارە، بەهیواشین کارى زیاترى بۆ بکرێت".
مەریوان خورماڵى، دووکاندار، لاى خۆیەوە بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى گوت: "دەستخۆشى لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى حکوومەت دەکەین، زۆر دڵمان خۆشە ناحیەى خورماڵ پێگەى ئیداریی بەرز کرایەوە بۆ قەزا، خورماڵ پڕۆژەى باشى بۆ کراوە و چاویشمان لەوەیە کارى باشترى بۆ بکرێت و دڵنیاشین بۆى دەکەن".
رۆژی ٣٠-٧-٢٠٢٣، حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای راسپاردنی وەزیری ناوخۆ لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانییەوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی بە قەزاکردنی خورماڵ، لیژنەیەکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە راسپێردرا.
رۆژى ٩-٥-٢٠٢٤، سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانى، پاڵپشت به یاساى سهرۆكایهتیى ههرێمى كوردستان، ژماره (1)ى ساڵى 2005ى ههمواركراو و لهبهر رۆشنایی داواكاریى ئهنجوومهنى وهزیرانى ههرێمى كوردستان لهمبارهیهوه، بڕیارى دا به هێنانهكایهى قهزاى خورماڵ له سنوورى پارێزگاى ههڵهبجه به ههمان سنوورى ئێستاى ناحیهى خورماڵ.
قەزاى خورماڵ، کە لە ٤٦ گوند پێکدێت، ناوچەیەکى گرنگى گەشتوگوزارى و باخدارى و کشتوکاڵییە و ساڵانە سەدان هەزار گەشتیار ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانى دەکەن.
عەزیز ڕەسووڵ




