٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دكتۆر سالار عوسمان: (پایانیانی) چارەگە سەدەیەکی بۆ ئەم پڕۆژە مەزنە تەرخانکرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی 8ـی 5ـی 2024 بەئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و کەسایەتی حزبی، حکوومی، ڕۆشنبیران، نووسەر و ئەکادمیست، ڵێکوڵەران و میدیاکاران، مەراسیمی “فەرهەنگی زارەکیی موکریان شاکارێک لە مێژووی فەرهەنگنووسی کوردیدا” بەڕێوەچوو.

پاش خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیڤی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن  وێڕای بەخێرهینانی میوانان، ئاماژەی بەوە کرد، گەلی زیندوو بریتییە لەو گەلەی سایکولۆژیایی زمان و شانازی زمان بۆ نەوەکانیان دروست بکەن، بۆیە سوپاسی دەزگای موکریانی سەربە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەکەین کە چوار ساڵە لەگەڵ نووسەر و فەرهەنگنووس (سەڵاح پایانیانی) هەوراز و نشێو و زەحمەتیان بینیوە تاگەیشتن بە ئەمڕۆ و بەناوی ئامادەبووان سوپاسی (سەڵاح پایانیانی) کرد کە چارەگە سەدەیەکی بۆ ئەم پڕۆژە مەزنە تەرخانکرد.

پاشان لەسەر ڕونما فیچەرێک و دیکیۆمێنتاریەک سەبارەت بە گرنگی (فەرهەنگی زارەکی موکریان) نمایشکران.

کاروان عەبدوڵڵا وتاری دەزگای چاپ و بڵاوکرنەوەی موکریانی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بە قۆناغەکانی بەچاپگەیاندن و کۆتایی هێنانی فرهەنگی زارەکیی موکریان کرد.

موزیک و گۆرانی بەشێکی دیکەی مەراسیمەکە بوون و تیپی موزیکی (ئاڵا) بە چەند گورانییەکی کوردی مەراسیمەکەیان جوانتر کرد.

نووسەر و فەرهەنگنووس (سەڵاح پایانیانی) گوتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا گوتی: پڕ بەدڵ سوپاس و دەست خۆشی لەوکەسانە دەکەم ئەم مەراسیمەیان سازکردووە، لەسەروی هەموویان جەنابی کاک د. سالار عوسمان. 

سوپاسی ئەو دۆست و برادەرانە دەکەم کە هاوکار بوون، ئەگەر دڵسۆزی ئەوان نەبوایە نە ئەو کۆڕە پێک دەهات و نە ئەو ئامادەبوانە بۆ من هەڵدەپشکۆتن.

لە کوتایی مەراسیمەکە سوپاس و پێزانین و چەپکە گوڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن پێشکەشی نووسەر و فەرهنگنووس(سەڵاح پایانیانی) و هاوکارەکانی کرا.

جێگای ئاماژەپێدانە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موكریانی، بە گرێبەستێک لەگەڵ نووسەری بەتوانا (سەڵاح پایانیانی)، پڕۆژەی چاپکردنی فەرهەنگی زارەکیی موکریان ـی لە ئەستۆ گرتبوو كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ (١٥) به‌رگی سه‌ره‌كی و (٥) به‌رگی پاشكۆ كه‌ كۆی گشتی ده‌كاته‌ زیاتر له‌ ده‌ هه‌زار لاپه‌ڕه‌، توانی لەماوەی چوار ساڵ و نیودا چاپکردنەکە کۆتایی پێ بێنێ، بەو شێوەیە، توانرا بە هیممەتی نووسەر و دەزگای موکریانی گەورەترین فەرهەنگی زمان بکەنە میوانێکی دەوڵەمەندی کتێبخانەی کوردی.

هەواڵی پەیوەندیدار