لیژنەیەک لە بەغداوە بۆ کێشەی جووتیارانی ناوچەکە سەردانی کەرکووک دەکات

کەرکووک -KDP.info - پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: کێشەی جووتیارانی کورد بەردەوامە و لیژنەیەکیش لە بەغداوە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی کەرکووکی کردووە.
نەجوا کاکەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: کێشەی جووتیارانی کورد لە دەڤەری سەرگەڕان بەردەوامە و ساڵانە عەرەبی هاوردە هەڕەشە لە جووتیارانی کورد دەکەن و دەیانەوێت زەوییەکانیان داگیر بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە جووتیارانی کورد خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەن.
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: ئێمە ساڵی ڕابردووش سەردانی پەلکانە و زۆربەی ئەو گوندانەمان کردووە و پشتگیری تەواومان کردوون، دژی هەر زۆڵم و ستەمێکیش دەوەستینەوە دەرحەق بە خەڵکی مەدەنی سەرگەڕان بکرێت.
نەجوا کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەمڕۆ لیژنەیەک لە بەغداوە گەیشتووەتە کەرکووک بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە کێشەی جووتیارانی پەلکانە و دەڤەرەکە، هیوادارین ئەو فشارانە لەسەر خەڵکی کورد نەمێنن، ناشبێت سوپای عێراق ببێتە بەشێک لە کێشەکە و لایەنگیری بکات بۆ هاندانی عەرەبی هاوردە بۆ دەست بەسەرداگرتنی زەوی جووتیارانی کورد.
قائید میرۆ




