گۆھدار شێخۆ: ئەمساڵ ٧٠ پڕۆژە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێ دەکرێن

زاخۆ-KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێت، ئەمساڵ زیاتر لە ٧٠ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری زاخۆ جێبەجێ دەکرێن. دەشڵێت: پڕۆژەی شەقامی ٦٠ مەتری و ئاوەڕۆی زاخۆ دوو پڕۆژەی ستراتیژین.
گۆھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەردەوام پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێ دەکرێن، ئێستا ژمارەیەک شەقامی زاخۆ لەژێر قیڕتاوکردندان، پڕۆژەی ئاوڕێژی زاخۆ و قۆناغی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆ جێبەجێ دەکرێن، ھەروەھا ژمارەیەک نەخۆشخانە و قوتابخانە لە ژێر جێبەجێکردندان، دەمانەوێ زیاتر پڕۆژەی ستراتیژی لە زاخۆ جێبەجێ بکەین، بۆ ئەمساڵ دوو پڕۆژەی گرینگ و ستراتیژی ھەن ئەوانیش شەقامی ٦٠ مەتری زاخۆ و پڕۆژەی ئاوەڕۆی زاخۆن، بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوتی: شەپۆڵەکانی بارانی ئەمساڵ کاریگەری لەسەر کارەکانی ئێمە ھەبوو، چونکە دابارینی بەردەوام کاریگەری لەسەر پڕۆژەکان هەبووە کە بە سستی بەڕێوەبچن.
گۆھدار شێخۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەپێی ئەو پلانەی ئامادەکراوە ئەمساڵ (٢٠٢٤) زیاتر لە ٧٠ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەنجام دەدرێن و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەردی بناغە بۆ ژمارەیەک پڕۆژە دادەنرێت و دەچنە بواری جێبەجێ کردن.
قائید میرۆ




