وادەی کردنەوەی سەنتەری بەدواداچوونی کاروباری کوردانی فەیلی دیاری کرا

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی کوردانی فەیلی لە ھەولێر گوتی: دوای ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی بۆ کردنەوەی سەنتەری بەدواداچوونی کاروباری کوردانی فەیلی، لەم مانگە سەنتەرەکە دەکرێتەوە.
عەلی فەیلی بەرپرسی کاروباری کوردانی فەیلی لە بارەگای بارزانی ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای ئەوەی لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە ھەولێر سەرۆک بارزانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی ڕاسپارد بۆ بەدواداچوونی کاروباری کوردانی فەیلی سەنتەرێک دابمەزرێندرێت، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەمان کۆنفرانس ڕەزامەندی دەربڕی، بۆ ئەو مەبەستەش ھەردوو زانکۆی سەلاحەدین و دھۆک ڕاسپێردران پڕۆگرامی سەنتەرەکە ئامادەبکەن و بکرێتەوە، بۆ ئەوەی سەنتەرێکی باش هەبێت کاری باش بۆ فەیلییەکان بکات، ئێستا سەنتەرەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە، تەنیا ماوە ستافێک لە باشترینی ئەو کەسانە پێکبهێندرێت ناویان پێشنیارکراوە، بۆ ئەوەی خزمەت بکەن، لەم ڕۆژانە کارەکان تەواو دەبن و سەنتەرەکە دەکرێتەوە.
عەلی فەیلی گوتیشی: دوێنێ کۆبوونەوەیەکی ھاوبەشمان لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت ھەبوو، ھەموو کارەکان تەواوکران.
کوردانی فەیلی ئەنفال و جینۆساید کراون و لە ساڵی ١٩٨٠ (٦٠٠ھەزار) کەسیان دەربەدەر کران و دەست بەسەر ماڵ و حاڵیاندا گیرا و ناسنامەیان لێسەندرایەوە، تا ئێستاش ٢٠ھەزار گەنجیان بێسەروشوێنن، نە قەربوو کراونەتەوە و نەکێشەی ناسنامەیشیان چارە کراوە، لە کۆنفرانسی پار سەرۆک بارزانی چارەی کێشەکانی بە دامەزراندنی ئەو سەنتەرە بەستەوە، بۆیە بڕیاری دامەزراندنی سەنتەرەکە کارێکی مێژوویی بوو.
فەیلی دەشڵێت: سەنتەرەکە قازانج نەویستە و سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، حکوومەتی ھەرێم پشتگیری دەکات، بۆ ئەوەی کارەکان جێبەجێ بکەن.
بڵند ئیبراھیم




