سەنگەر کانەبی: خێمەکانمان بە عەرەبی هاوردە هەڵگرتنەوە

مەخموور-KDP.info- بەرپرسی لقی قەرەچووغی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: مەترسی لەسەر پێنج گوندی پەلکانە و سەرگەڕان هەیە و ئەمڕۆ خێمەکانمان بە عەرەبە هاوردەکان هەڵگرتەوە.
سەنگەر کانەبی، بەرپرسی لقی 23ی قەرەچووغ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 عەرەبی هاوردە فشاریان خستووەتە سەر جووتیارانی سنووری سەرگەڕان و پەلکانە، پێش ڕووداوی 16ی ئۆکتۆبەر ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو و ڕێگەی نەدەدا عەرەبی هاوردە زەفەر بە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە ببەن.
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: بەداخەوە بەشێک لە سوپای عێراق لەگەڵ عەرەبی هاوردە بەشدارن بۆ دەست بەسەرداگرتنی زەوی جووتیارانی کورد، ئەمڕۆ لەگەڵ جوولەی عەرەبی هاوردە بۆ سەر گوندی کورد لە ڕێگەی نوێنەرەکانی خۆمان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بووین بۆ ئەوەی شکست بەهەوڵی داگیرکاری زەوی کورد بێنین.
سەنگەر کانەبی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئێمە وەک پارتی بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە داگیرکاری نادەین، ئەمڕۆ بەردەوام لە ڕێگەی پۆلیسی کەرکووک و لایەنی پەیوەندیدار لەسەر خەتبووین و ئەو خێمانەی لەلایەن عەرەبی هاوردەوە هەڵدرابوون پێیانمان هەڵگرتنەوە.
قائید میرۆ




