ھوشیار سیوەیلی، پێشوازی لە توێژەری ناسراوی فەڕەنسی د.سیریل ڕۆسێل کرد

ھەولێر-KDP.info- لە مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھوشیار سیوەیلی پێشوازیی لە دکتۆر سیریل ڕۆسیل کرد کە لێکۆلەرە لە پەیمانگای فەڕەنسی بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیک تایبەت بە وڵاتانی ( سووریا، لبنان،عیراق ، ئۆردن و فەڵەستین)، هەرێمی کوردستانیش دەکەوێتە نێو بازنەی لێکۆڵینەوە و تویژنەوەکانی، بۆ چەند ساڵ دەبێت ئەم پەیمانگایە ئۆفیسی خۆی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و زۆر چالاکی ئەکادیمی و توێژینەوەی زانستی و کۆنفرانس و وۆرکشۆپی گرینگی لەسەر کوردستان و عێراق و ناوچەکە ئەنجام داوە، بە جیا چەندین لیکۆڵینەوەی گرینگی لەسەر کورد و کوردستان و پارچەکانی تری کوردستان ئەنجام داوە، دکتۆر سیریل ڕۆسێل، لە ڕابردوودا ١٥ جار سەردانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی کردووە و خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە لێکۆڵینەوە لەسەر سروشت و تایبەتمەندی پرسی کورد و مێنتاڵیتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو وڵاتانەی لێی دەژین.
ئەم لێکۆڵەرە فەرەنسییە چەندین توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی سیاسی، مێژوویی، جوگرافی، ئەنترۆپۆلۆژی و ستراتیژی بڵاو کردوونەتەوە، پڕۆژەیەکی گرینگی تایبەت لەسەر کورد و کوردستانیشی بەدەستەوەیە کە وەک ئەتڵەسێکی سیاسی لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاوی دەکاتەوە.
لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕوانگە و دیدگای پارتییەوە بە فراوانی باسی سیاسەتی پارتی لە پشتگیریکردن لە چەسپاندنی کەلتووری پێکەوەژیان و لێبووردەیی و دیموکراسی و ماف و ئازادییەکان و دۆخی کریستیانەکان لە کوردستان و دەشتی نەینەوا و دۆخی دەڤەری شنگال و کوردانی ئێزدی و ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کرا، ئەمەش بە مەبەستی ڕێگەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکان و کریستیانەکان بۆ زێدی پێشووی خۆیان کە هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دەژین کە لە هەموو ناوچەکە تاکە شوێنە ڕێز لە ماف و ئازادیی تەواوی ئاینی و نەتەوەیی لایەنەکان دەگرێ، لە سەرەتای هێرش و پەلامارەکانی ڕێکخراوی تێرۆریستی داعش لە ناوچەکە هەرێمی کوردستان داڵدەی پێکهاتەکانی ناوچەکەی دا و ژیان و گوزەرانێکی شایستەی بە هاوکاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەو کەمپانەی لێی نیشتەجێ کرابوون بۆ دابینکردن، تا ئەو کاتەی دۆخێکی گونجاویان بۆ دەڕەخسێ بتوانن دوای دڵنیابوون لە بوونی ئاساییش و سەقامگیری بە ئازادی بگەڕێنەوە بۆ دەشتی نەینەوا و دەڤەری شنگال.
لە دیدارەکەدا باسی گرفتەکانی بەردەم ماددەی ١٤٠ی دەستوور و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و پرسی پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچەکەش کرا. لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا دۆخی ناوخۆیی و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ کرا و پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) هەموو پشتگیری و کار ئاسانییەکی خستەڕوو بۆ سەرکەوتنی پڕۆژە و توێژینەوەکانی دکتۆر سیریل ڕۆسێل و پەیمانگای فەرەنسی بۆ خۆرهەڵاتی نزیک لە هەرێمی کوردستان.




