ژمارەیەک داواکاری بۆ کردنەوەی زانکۆی ئەھلی پێشکەش کراون
__2024_05_07_h15m44s52__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت: خواست بۆ کردنەوەی زانکۆی ئەھلی ھەیە و ژمارەیەک پرۆپۆزەڵ بۆ کردنەوەی زانکۆی ئەهلی پێشکەشی وەزارەت کراون.
د.عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای کردنەوەی ھەردوو زانکۆی ئاکرێ و گەرمیان، ئێستا وەزارەت پلانی بۆ کردنەوەی زانکۆی حکوومی نییە، چونکە ئێمە بەپێی پێویستی بڕیار لە کردنەوەی زانکۆی حکوومی دەدەین و لەھەر شوێنێک پێویست بووبێت زانکۆی حکوومی کراوەتەوە، لەمەودواش لەھەر شوێنێک پێویست بێت زانکۆ دەکرێتەوە.
لەبارەی زانکۆی ئەھلی بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: لە هەرێمی کوردستان بەردەوام خواست لەسەر کردنەوەی زانکۆی ئەھلی ھەیە، ژمارەیەک پرۆپۆزەڵ پێشکەشی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کراون بۆ کردنەوەی زانکۆی نوێ.
د.عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: کردنەوەی زانکۆی ئەھلی پێویستی بە بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانە و ھەر داواکاریەک بۆ کردنەوەی زانکۆی تایبەت ئاراستەی وەزارەت بکرێت دوای پێداچوونەوە و پێویستی کردنەوەی زانکۆکە بڕیار لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەدرێت.




