٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دڵشاد شەھاب بۆ KDP: جوڵە دیبلۆماسیەكانی نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی ئومێدبەخشن

سەرچاوە: KDP.info

تاران-KDP.info- گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، باس لە گرنگیی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ وڵاتی ئێران دەكات و بەشێكی ناوەڕۆكی دیدارەكان لە دیمانەیەكی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دا دەخاتە ڕوو و دەڵێت: ئاستی پێشوازی و ناوەڕۆكی گفتوگۆكان سەلمێنەری پێگەی بەهێزی كوردستانن لە ناوچەكەدا.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 2024/5/5 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ شاندێكی باڵادا، بە سەردانێكی فەرمیی گەیشتە كۆماری ئیسلامیی ئێران و لە پێشوازییەكی پڕبایەخدا لەلایەن ڕابەڕی شۆڕشی ئیسلامی، سەرۆككۆمار و هەموو جومگە گرنگه‌كانی ئەو وڵاتە كۆ بووەوە، میدیا ناوخۆیی و جیهانییەكانیش بە گرنگییەوە تەماشای ئەو كۆبوونەوانەیان كرد و بە هەنگاوێكی نوێی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و تاران هەژماری دەكەن.

دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، تایبه‌ت به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بەو كۆبوونەوانە دوا و گوتی: کۆبوونەوە و دیدارەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە ئاستێکی بەرز و پڕۆتۆکۆڵی بەڕێوە ده‌چن، بە تایبەتی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز ئایەتوڵڵا ئەلعوزما سەید عەلی خامنەیی، ڕابەری شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دیدارێکی زۆر گرنگ بوو و تایبەتمەندی خۆی ھەیە. لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ئەم دیدارانە بە دەگمەن ڕێک دەخرێن، بۆ ئاستێکی زۆر نزیکی دیبلۆماسی و سیاسی نەبێت، ئەم دیدارانە ناكرێن. ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا باس کراوە، هەروەها شوێنی پێشوازیەکە و بەڕێکردنەكە، مانایەكی ڕوونە كە دیدارەکە جێگای سەرنجی ناوەندە سیاسی و میدیایەکان بووە لە جیهاندا.

ئەوەشی خستە ڕوو: له‌ سەرجەم کۆبوونەوە و دیدارەکانی نێوان سەرۆکی ھەرێمی كوردستان و بەرپرسانی باڵای ئێران، په‌یوەندی دۆستانەی ھاوبەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراق بەگشتی و ھەرێمی کوردستان باس کراوە. ئێمە دوو دراوسێی یەکین لە جوگرافیایەکدا دادەنیشین، په‌یوەندی کولتووری، سیاسی، ئابووری و دیبلۆماسیمان بەیەکەوە ھەیە، ئاسایشی ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانی ھەردوولا پێویستییەکی بەردەوامە.

دڵشاد شەهاب پەیامی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێرانییەكان باس كرد و گوتی: سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران. دووپاتی پەیامی دڵنیایی دەكاتەوە كە ھەرێمی کوردستان لە یەكەم ڕۆژی حکوومی خۆمانەی دوای ڕاپەڕین و لە ئێستا و ئاییندەشدا، فاکتەری سەقامگیری و دراوسێیەکی باش لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتری بووە و لەسەر ئەم ڕێگەیەش بەردەوام دەبێت.

گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێم دەشڵێت: ئەگەر بەگشتی ھەڵسەنگاندنێک بۆ جوڵە دیبلۆماسیەكانی سەرۆکی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتان و ناوخۆی عێراق بكەین، بەتایبەت لەگەڵ تورکیا و ئێران، ئاماژەی ئومێدبەخشن.

دڵشاد شەهاب لە ڕوانگەی سەردانه‌كه‌ی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دڵنیایە كە: ھەرێم لە پێگەیەکی بەھێزدایە، کارەکتەرێکی سەرەکییە لە یاریە سیاسییەکانی ناوچەکە، ھەموو کۆبوونەوەکانی سەرۆکی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران مەبەستێکی باش و لێکتێگەیشتنێکی باش بووە و ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر دراوسێیەتی و ڕەنگدانەوەی پەرەپێدانی بەرژەوەندیی ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، ھەزاران لە ھاووڵاتییانی ئێمە بەرژەوەندییان لە کۆماری ئیسلامی ئێران ھەیە، دەیان کۆمپانیای ئێران لە کوردستان وەبەرھێنان دەکەن و ھاتوچۆی بەردەوام لەنێوان ھەردوولادا ھەیە، ئەمانە پرسگەلێک بوون جێگای گرنگیدان بوون.

سەبارەت بە ساردیی ئەم ماوەی دوایی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، گوتی: بەردەوام پێوەندی لەنێوان ئێران و کوردستاندا ھەبووە، سەرباری ئه‌وه‌ی ئەگەر بارودۆخێکیش کاریگەریەکی ساردی بەجێ ھێشتبێت. بێگومان لە دیدارەکاندا ھەموو ئەم پرسانە باس کراون و دڵنیایی لە ھەردوو لاوە دراوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا کراوە. لە دیدارەکانی نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران بەڕوونی ھەستی پێ دەکرێت کە چەندە بۆمان گرنگە بەردەوامی بەم پێوەندییانە بدەین.

 

عەزیز ڕەسووڵ 

 

هەواڵی پەیوەندیدار