ئاگرین عەبدوڵڵا بۆ KDP: ڕێژەی تەواوبوونی دووسایدی سپیلک گەیشتووەتە ٧٦%

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، پڕۆژەی دووسایدکردنی رێگای سپیلک بۆ خەلیفان کارکردن تێیدا بەردەوامە و ڕێژەی تەواوبوونی گەیشتووەتە ٧٦% و بوودجەی پڕۆژەکەش ٧٦ ملیار دینارە، کە رێگایەکی ستراتیژی و نێودەوڵەتییە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران.
دکتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پڕۆژەی دروستکردنی رێگای سپیلک بۆ خەلیفان بەشێکە لە پڕۆژەی رێگای ھەولێر بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران، کە ١٠کم دەبێت و لە سپیلک تا خەلیفان دەستپێدەکات و بەرەو زارگەلی دەچێت و ئێستا ڕێژەی تەواوبوونی ٧٦%دەبێت و تێچووی پڕۆژەکەش ٧٦ ملیار دینارە و بە شێوەیەکی زۆر باش دروست دەکرێت و ژمارەیەکی زۆری بەرزە پرد و سووڕانەوەی تێدایە، بۆیە بە بەرزترین مواسەفاتی ئەندازیاری دروست دەکرێت".
دکتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا گوتیشی: "کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە و بەھۆی کەش و ھەوا ھەندێک سستی کەوتە کارەکان، بەڵام بۆ دروست نەبوونی ئاستەنگ رێگاکە کراوەیە بۆ ھاتووچۆ و تا کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەکە تەواو دەبێت و بەفەرمیی دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتیان بۆ ھاتووچۆکردن، کە رێگایەکی ستراتیژی و نێودەوڵەتییە".
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشیکردەوە: "بڕیارە بەشەکانی دیکەش دروست بکرێت لە خەلیفان بۆ زارگەلی و تا سۆران بڕوات دواتر بۆ چۆمان، بۆیە بەھۆی دۆخی دارایی ناتواندرێت بەیەکجار ھەموو بەشەکان جێبەجێ بکرێت، بۆیە ئەو رێگایە زۆر گرنگە و لە نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێرانە".
ناوبراو دەشڵێت: "ئەو رێگایە سێ خاڵی گرنگی تێدایە ھەولێر و سۆران و حاجی ئۆمەران، ھەروەھا ھەموو ئەو گوند و شارانەی دەکەونە سەر رێگایەکە سوودی لێوەردەگرن بۆ ھاتووچۆکردن، بۆیە پڕۆژەیەکی گرنگی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە لە بواری رێگاوباندا".
بڵند ئیبراھیم




