٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامێک لە نێچیرڤان بارزانیەوە ده‌رباره‌ی سووتانی بازاڕی قەیسەری هەولێر

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی سووتانی بازاڕی قەیسەری ھەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت: دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ ھۆکارەکانی ئەو ڕووداوە نەخوازراوە بکەن.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان…

بەداخەوە ھەواڵی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەریی ھەولێرم بیست کە بەھۆیەوە جگە لە برینداربوونی ژمارەیەک ھاووڵاتی و کارمەندی بەرگریی شارستانی، زیانێکی زۆری ماددیش بەر کاسبکارانی بازاڕەکە کەوتووە.

ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم و ھاوخەمی کاسبکارانی ئەو بازاڕەم کە زیانیان بەرکەوتووە، ھاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێ لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ ھۆکارەکانی ئەو ڕووداوە نەخوازراوە بکەن.

سوپاسی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، فریاکەوتن، پۆلیس، ئاسایش و تەندروستی دەکەم کە بەرپرسانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد و بەریان بە تەشەنەکردنی زیاتری ئاگرەکە گرت.

پێویستە ھەڵوەستە لەسەر دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوانە و بەدواداچوونێکی ھەمەلایەن بۆ ڕووداوەکە بکرێت، ھەروەھا کاسبکارانیش زیاتر پابەندی ڕێنمایییەکان و گرتنەبەری ڕێکارەکانی سەلامەت بن.

ئەم بازاڕە شوێنەوارێکی مێژوویی و سیمایەکی جوانی پایتەختی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە ھەموو پشتیوانییەک بۆ ھەرچی زووتر نۆژەنکردنەوەی، ڕادەگەیەنین.

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان

٢٠٢٤/٥/٦

هەواڵی پەیوەندیدار