نێچیرڤان بارزانی: ھەرێمی کوردستان ھەمیشە فاکتەری سەقامگیری دەبێت لە ناوچەکە
تاران-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە تاران لەگەڵ بەڕێز عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆبووەوە.
لە درێژەی بەرنامەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٤/٤/٦، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری، لە تاران لەگەڵ بەڕێز عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دەربارەی دۆخی ئەمنی و ھاریکاری و ھەماھەنگیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری، مەترسییە ئەمنییەکانی ناوچەکە و کاریگەری و لێکەوتەکانیان، بیروڕایان گۆڕییەوە.
ھەردوولا جەختیان لە ھاریکاریی ھاوبەش و ھەماھەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەردوو وڵات لەپێناو ئارامی و ئاسایشدا کردەوە و ھاوڕا بوون لەسەر گرنگیی ڕێگرتن لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان و بەدوورگرتنی ناوچەکە لە پشێویی زیاتر.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز ئەحمەدیان بەردەوامیی پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ عێراق بە ھەرێمی کورستانەوە دەربڕی، هاوکات نێچیرڤان بارزانیش دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت لە ناوچەکەدا و بۆ ھیچ لایەنێک نابێتە ھەڕەشە.




