د.ساڵح مەلا عومەر: سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی پێگەی ھەرێم بەھێز دەکات
__2024_05_06_h19m11s11__HK.jpg)
ھەولێر -KDP.info- پسپۆرێکی زانستە سیاسییەکان دەڵێت، لەسەردانەکەیدا بۆ تاران نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەوردی و ڕاشکاوی دانوستان لەسەر پرسی ئەمنی و ھێرشەکانی ڕابردووی ئێران بۆسەر ھەولێر دەکات. دەشڵێت: ھەرێمی کوردستان ڕازی نییە خاکی ھەرێم بۆ زیان گەیاندن بە دراوسێکان بەکاربهێندرێت، لەوانەش وڵاتی ئێران.
د.ساڵح مەلا عومەر، پسپۆری زانستە سیاسییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ھۆکارە بۆ ئەوەی لەنێوان حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان تێکگەیشتن هەبێت، ھەروەھا تێکگەیشتن لەنێوان لایەنە شیعییەکانی عێراق و ھەرێم هەبێت، ئەو تێکگەیشتنە کاریگەری لە خاوکردنەوەی کێشەکانی نێوان ھەردوولا دەبێت، دەرفەتی ئەوەیش دەڕەخسێنێ کێشەکانی نێوان ھەردوولا بەرەو چارەکردن بچن، لەلایەکی دیکەوە سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان ئەوەی نیشاندا ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژھەڵاتی ناوین گرینگییەکی زۆری ھەیە، ئەگەر لە ڕوانگەی دیپلۆماسییەوە بڕوانینە پەیوەندییەکان لەنێو دیپلۆماسییەتدا بەرژەوەندی ھاوبەش ھەیە، گرینگی ھەرێمی کوردستان و بەھێزی پێگەی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کاریگەری ھەبووە، ئەو باوەڕە لای سەرۆککۆماری تورکیاش دروست بووە تا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان تێکگەیشتن لەبوارە جیاوازەکاندا هەبێت بۆ ئەوەی بەرژەوەندی ھاوبەش لەنێوان ھەرێم و تورکیا پارێزراوبێت، سەردانی ئەردۆغان بووە ھۆکاری ئەوەی لە ئاستی جیھانی و ناوچەیی بۆ ھەموولایەک ڕوونبێت پێگەی ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەھێزە، تورکیا نەک لە ئاستی ناوچەکە بەڵکو لە ئاستی جیھان وڵاتێکی گرینگە، سەردانی کەسی یەکەمی تورکیا، لەڕووی دیپلۆماسییەوە دەرگایەکی دیکەی بەڕووی ھەرێمی کوردستاندا کردەوە.
ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەکان گوتیشی: سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران لەسەر بانگھێشتی فەرمیی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە، ئێران لە ئاستی باڵا و بە فەرمیی پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی کردووە، ئێمە دەزانین پەیوەندی نێوان ھەرێم لەگەڵ ئێران پەیوەندی ستراتیژین.
لەبارەی پرسی ھەڵبژاردن لە ئەجێندای سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێران د.ساڵح مەلا عومەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەھیچ شێوەیەک لە سەردانەکەیدا بۆ ئێران سەرۆکی ھەرێمی کوردستان باس لە پرسی ھەڵبژاردن ناکات، لەبەر ئەوەی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان زیاتر پرسێکی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستانە و ھیچ پەیوەندییەکی بە تارانەوە نییە.
د.ساڵح مەلا عومەر دەشڵێت: سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەرپرسیارە لە بەرامبەر دیپلۆماسیەتی ھەرێمی کوردستان، دیپلۆماسیەتیش یەکێک لەو ئامرازانەیە دەتوانێت ببێتە ھۆی بەھێزبوونی پێگەی ھەرێمی کوردستان، ماوەیەک کێشەی ئەمنی لەنێوان ھەرێم و ئێران هەبوو تا کار گەیشتە ئەوەی ئێران ھێرشی مووشەکی بکاتە سەر ھەولێر و ببێتە ھۆی شەھیدبوون و برینداربوونی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەی بۆ تاران دانوستانی ورد و ڕاشکاوانە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە بەھیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت خاکی ھەرێمی کوردستان بەکار بێت بۆ زیان گەیاندن بە وڵاتانی دراوسێ لەوانە ئێران، پێویستە لەڕووی ئەمنییەوە تێکگەیشتن ھەبێت لەنێوان ھەرێم و ئێران، ئەمەیش کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابووریی و سیاسی.
قائید میرۆ




