بەرەو گوتارێكی- سیاسی یەكگرتووی توركومانی كوردستان... پلاتفۆڕمێك بۆ ڕێكخستنی كاری سیاسی

خەسرۆ پیرباڵ
ئێمڕۆكە واقیعی سیاسی هەرێمی كوردستان، بەقۆناغێكی نوێدا تێدەپەڕێت، ئێستاكە جگە لەو گۆڕانكارییە گەورەیەی لە عیڕاق و هەرێمی كوردستاندا ڕوویان داوە، لەسەرتاسەری ناوچەكە، دیاردەی ( ڕابوونێكی گەورەی نەتەوەی كورد) لەئارادایە، وە ئەزموونی حكومڕانی كورد و پێگەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم، ڕۆژ بەڕۆژ بەهێزتر و كاریگەرتر بووە .ڕۆڵی سەرۆكی هەرێم و سیاسەتی حكوتی هەرێمی كوردستان وەكوو پارسەنگێكی گەورە و كاریگەر لەلایان وڵاتانی ناوچەكە و زلهێزەكان مووعەڕەف كراون. ئیمڕۆكە میللەتی كوردستان، بە قۆناغێكی پێشكەوتوودا گووزەر دەكات و ئێستاكە : قۆناغی ڕابوونی نەتەوەی كوردە .
لەلایەكی تریشەوە، عیڕاقی ئیمڕۆكە، ئەگەری لەسەرپێ مانەوەی بەو پێكهاتەی ئێستاوە بێ هێزبووە، لەسێبەری ئەو سیاسەتە چەوتانەی جەنابی سەرۆكوەزیرانی عیڕاق، تاوەكوو دێت لاوازتردەبێت، ئەگەر لێكرازانی گەورەی هەیە، پێدەچێت جەنابی مالیكی، ڕەچاوی هاوسەنگییە ناوەخۆییە-ستڕاتیژیەكان نەكات،تێكڕای پڕۆسەی سیاسی عیڕاقی بەرەو كۆتای ببات .
لێرەدا واقیعی هەرێمی كوردستان، میللەتی توركمانی وەكوو پێكهاتەیەكی گرینگ خوی مەتڕەح دەكات، پێكهاتەی نەتەوەی توركومان، لەڕووی ژمارەوە دوهەمین پێكهاتەی هەرێمی كوردستانە، كورد و توركومان، لەگەڵ ئەو عەرەبە ڕەسەنانەی كە وەكوو هاوڵاتی و دۆستی میللەتی كورد، پێكەوە سەدان سالە ژیاون و تێكەڵ و ئاوێتەی یەكتربوونە، ئەمانە وەكوو فاكتێك، لە نەخشەی سیاسی- ئیمڕۆكەی هەرێمی كوردستان دیارن .بەقەناعەت و بۆچوونی بەندە، پێویستە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، سیاسەتێكی نوێ لەگەڵ ئەو نەخشە نوێیەدا پەیڕەو بكات، هاوتەریب- جگە لەو دانووساندن و گفتووگۆیانەی لەگەڵ لایانە سیاسیەكانی ئۆپۆزیسیۆندا دەیكات، فاكتەر و لایانی توركومانیش بەشداری هەموو ئەو هاوكێشانە بكات، كە بەنیازی بەشداریكردن و ڕاوێژپێكردندا ئەنجام دەدرێت .
ئەو ناوچە كوردستانیانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، میللەتی توركومانی تێدایە وەكوو پێكهاتەیەكی گرینگ، وە شاری كەركووك بەتایبەتی، توركومانی ڕەسەنی تێدایە، دەبێت تەعاموولیان لەگەڵدا بكرێت و ئەو لایانە سیاسیانە بەشدارپێبگەین لە ئەزموونی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستاندا، چوونكە توركومانە-ڕەسەنەكانی هەولێر و كەركووك، وەكوو كوردەكان،دڵسۆز و هاوڵاتی باشی ئەم هەرێمەن .
ئێمە داوا لە تووركومانەكانی كەركوكو خانەقین دەكەین لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندابن، بەشداربن لە بنیاتنانەوەی هەرێم و بووژانەوەی وڵات- لەهەمان كاتتدا، دەبێت ئێمەش وەكوو حكومەتی هەرێمی كوردستان،فوورسەتی ئەوەیان پێبدەین بەشداربن لە حكومرانی لە هەرێمی كوردستان و هاوكارییان بین بۆ ئەوەی لەبەغداش خزمەتی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، دەبێت سیاسەتی بەشداریپێكردێنكی كاراترمان هەبێت لەوەی ئێستاكە پەیڕەوی دەكەین .
لە نەخشەی نویێ هەرێمی كوردستاندا، پێكهاتەی نەتەوەی توركومان،لەڕووی ژمارەوە دووەمین نەتەوەی ڕەسەنی كوردستانە،بەقەناعەتی بەندە، دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەرچی زووە بیر لە نەخشەكێشانی سیاسەتێكی نوێ بكاتەوە، وەهاوكاری لایانە سیاسیەكانی توركومانی بێت ( بە جەبهەی توركومانیشەوە ) بۆ ئەوەی دیالۆگێكی نیشتیمانی ناوەخۆی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و بە جیددی سوود لەو پێكهاتە ڕەسەنەی هەرێمی كوردستان وەربگیرێت .
ئەزموونی حكومڕانی هەرێمی كوردستان، نەخشەو پیكهاتەو ئاراستەیەكی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت و پێویستە بەخۆداچوونەوەیەكی گشتی بكرێت لەسیاسەتی سەرۆكایەتی هەریمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تەعاموول لەگەڵ نەتەوەی توركوماندا، هاوكار و یاریدەەربین بۆ درووستكردنیان و چالاككردنیان، چوونكە ئەوەی تاوەكوو ئێستاكە لەهەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكرێت، بەتایبەتی ئەوانەی نوێنەرایەتی توركومان دەكەن، نەیاتوانیوە بارەكە باش هەڵبگرن و خزمەت بە توركومان بكەن .
توركومانەكانی هەرێمی كوردستان پێویستیان بە مەڕجەعێك هەیە، لێرەش پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایانی كوردی_ – هاوكاریان بین لە مەتڕەح كردنی بیروكەی(پلاتفۆڕمێكی نەتەوەی توركومانی) بۆ ئەوەی هەندێك لەو دووكانە بچكۆلانەی بەناو حیزبی تووركومانی هەن لە كوردستان دابخرێت، هاوكاری چەند كەسایەتی ناودار و خاوەن پێگە- سیاسی و كۆمەڵایەتیەكانی ناوداریان وەكوو مەڕجەعێك توركومانی درووست ببن، ئەوكات كەسایەتییە بەهێز و لێوەشاوەكانیان بەشداربن لە حكومەت و پەرلەمان و سەرجەم داموودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، وە بەمەش جگە لەوەی خزمەتێكی گەورەی ئەزموونی حكومڕانی هەرێمی كوردستان دەكەن، دەبنە دوستی ئێمەی كورد، لەهەمانكاتشدا، لەسەرجەم ئەو ناوچانەی كە تووركومانی ڕەسەنیان تێدایە، ئەو كەسانە، دەتوانن بە پڕۆژەی جوان و پێویست، خزمەتی كولتوور و ئەدەب و زمان و مێژووی توركومانی دەكەن، بەمەش پێكهاتەی توركومانی دەبێتە دۆست و لایانگیری و هاوڵاتی باش لە كوردستاندا.
ئیمڕۆكە لە هەرێمی كوردستاندا، لەسایەی ئەو ئازادی و دیموكراسییەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو لایانە سیاسیەكانی توركومانی بارەگاو شوێن و ڕۆژنامەو بڵاوكراوەكانی خۆیان هەیە، هیچ توركومانێكی هەرێم دووچاری پاڵەپەستۆی سیاسی نین، هیچ گیرووگفتێكیان نیە لەلایان حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتە سیاسیەكانی هەرێم، گرفتی هەقیقی تووركومانەكانی هەرێم، لەناوەوەی خۆیانە،لە نەبوونی خەتێكی پان لەنێوانیانەوە بۆ كۆكردنەوەیان و سیاسەتێكدایە،نەبوونی مەڕجەعییەتێكی بەهێز لەناویاندا، چەند لایانێكی سیاسی، لەگەڵ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی گشتی لەگەڵیاندا ئەنجامداوە، لەگەڵ ئەوەش داوایان لێكراوە كە كۆبوونەوەی ناوەخۆی لەنێونیاندا ئەنجام بدرێت، بەڵام لەبەر هەبوونی دووبەرەكی و سێبەرەكی- نەیاتوانییوە، سەركەوتووبن و بەداخەوە، سەرجەم كۆبوونەوەكانیان فەشەلی هێناوە و گەیشتوونەتە بنبەستی گەورە .
توركومانەكانی هەرێمی كوردستان، پێویستی بە پلاتفۆرمێكی گەورە هەیە بۆ درووستكردنی مەڕجەعێكی سیاسی، ئەو مەڕەجەعە دیارە و دەبێت خاوەن پێگەی كۆمەڵایەتی و سیاسی بێت . لێرەدا توركومانەكان پێویستیان بە هاوكاری و یارمەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە بۆ سازدانی و دەبێت حكومەت بەشار بێت وەكوو چاودێرێك بۆ ڕێكخستنی ئەو دیالۆگە نیشتیمانیە –توركومانیە .
ئیمڕۆكە ئەزموونی حكومڕانی كوردستانی پێ دەنێتە قۆناغێكی پێشكەوتوو لە ئازادی و دیموكراسیدا، پێویستە هاوكاری توركومانەكانی هەرێم بین، بەمەبەستی ڕێكخستنیان و هاوكاریكردنیان لە درووستكردنی ئەو مەڕجەعە سیاسیەی كە هەموو توركومانەكان كۆدەكاتەوە، بەجییدیش كار بكەین بەئاراستەی بەشداریپێكردنیان لەدام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەمەش هەرێمی كوردستان نەتەوەیەكی تریش دەكاتە دۆست و ئەزموونی دیموكراسیمان دەوڵەمەنتر دەبێت.




