٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگری پارێزگار بۆ KDP: تا ئێستا ھۆکاری سووتانی قەیسەری دیار نیە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری پارێزگاری ھەولێر ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی قەیسەری ھەولێر بەردەوامە و کەمتەرخەمیەکان دیاری دەکرێن و رێکاری پێویست دەگرینەبەر بۆ ئەوەی چیتر ئەو ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە، چونکە خەریکە دەبێتە دیاردە.

ھێمن قادر، جێگری پارێزگاری ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بێگومان کارەساتی سروشتی ئاگرکەوتنەوە بێت یاخود ھەر کارەساتێکی دیکەی سروشتی بێت کەمتەرخەمی ھەیە و بەداخەوە بەشێکی زۆری لای ھاووڵاتیانە و زۆر جار ئاگرکەوتنەوە بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمایە، ئەمجارە ڕوویدا بەو ھۆکارە نیە و تا ئێستا ھۆکاری سەرەکی دیار نیە، ھەر بۆیە دەزگا ئەمنیەکان و بەرگری شارستانی لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەن و ئاگر دروست بووە و تەشەنەیکردووە و زیاتر لە ٣٠٠ دووکان سووتاون و زیانی بەرکەوتووە".

ھێمن قادر گوتیشی: "خۆی ھۆکاری سەرەکی ئەوەیە ئاگر دروست دەبێت لە شوێنێک دەکرێت لەو شوێنە کۆنترۆڵ بکرێت و رێگە نەدرێت تەشەنە بکرێت، بەڵام ھۆکاری تەشەنەکردنی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە دووکانەکان پەردە و کەلوپەل لە دەرەوە دادەنرێت ئەمە کەمتەرخەمییە و دەبێتە ھۆی ئەوەی ئاگر تەشەنە بکات و دووکانەکان داناخرێن، پێش ماوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆ باس لەوەکرا پێویستە ھەموو ئەو بازاڕە قەڵەباڵغانەی ھەن پابەندی رێنمایەکانی بەرگری شارستانی و سەرۆکایەتی شارەوانی بن ھەموو کەلوپەلەکانیان دوای داخستنی دووکانەکان لە ژوورەوە بن و لە بەردەست نەبن بۆ ئەوەی ھەر ئاگرێک دروست بێت زوو تەشەنە نەکات و پێویستە ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێت و لێکۆڵینەوەش لە ئاگر و ڕووداوی بازاڕی قەیسەری ھەولێر بەردەوامە و ھێشتا یەکلایی نەبۆتەوە و شوێنی کەمتەرخەم دیاری دەکرێت و دواتریش خەڵک ئاگادار دەکرێتەوە پابەندی رێنمایەکان بن و رێنمایەکان لە بەرژەوەندی خەڵک و کاسپکارانن بۆ ئەوەی ئەو کارەساتانە دووبارە نەبنەوە کە پێشتریش دوو حاڵەتی دیکەشمان ھەبوو".

جێگری پارێزگاری ھەولێر ڕوونیشیکردەوە: "لەھەر شوێنێک کەمتەرخەمی و گرفت ھەبێت چارەسەر دەکرێن ئەوەش ئەرکی حکوومەت و پارێزگای ھەولێرە موڵکی خەڵکی بپارێزێت بۆ ئەوەی رێگری بکەین لەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە".

ناوبراو دەشڵێت: "بەرگری شارستانی و ناوەندی قەیرانەکان جەردی تەواوی ئەو شوێنانە دەکەن کە زیانیان بەرکەوتووە بۆ ئەوەی لەزۆر شت سوودی لێ وەرگرین نەک تەنھا قەرەبووکردنەوە بەڵکو قەبارەی زیانەکان و توێژینەوە بۆ ئەوەی ھۆکارەکان دیاری بکەین و بتوانین چارەسەری بکەین و رێگری بکەین دووبارە نەبنەوە".

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار