٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھەرێم و بەغدا ڕێککەوتن و ئەمڕۆ بەفەرمیی ڕێژەکە ڕادەگەیەنن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، سەردانی ئێمە بۆ بەغدا ئیجابی بوو، ھەروەھا ڕێککەوتن لەسەر وەرگرتنی گەنم کراوە و ئەمڕۆ بەفەرمیی ڕێژەکە ڕادەگەیەنین، کە ئەمساڵ بەغدا چەند گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەردەگرن.

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کەریم سلێمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەردانی ئێمە بۆ بەغدا زۆر ئیجابی بوو لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ کۆبووینەوە و ئەمجارە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ کارێکی باشمان کردبوو، ھەروەھا بەڵگەی باشمان لەدەستبوو، ھاوکات ئێمە چەند دۆنم زەویمان ھەیە لە ھەرێم و چەندی بەگەنم چێندراوە و ھەمووشی وێنەکراوە لە ئاسمانەوە و لایەنی پەیوەندیدار ئەو کارەیان کردووە و لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیش پەیوەندی باشمان ھەبوو ئەوانیش پێش ١٠ ڕۆژ سەردانی ئێمەیان کردوو خۆیان لە نزیکەوە گەنمی ئێمەیان بینی کە چێندراوە، بۆیە بەدەست بەتاڵ نەچووین بۆ بەغدا و بەڵگەی تەواومان لە بەردەستبوو، بۆیە پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراو داوامانکرد غەدر لە جووتیارانی ئێمە نەکرێت و گەنمیان وەربگرن و بەپێی ئەو ڕووبەرەی کراوە لە ھەرێمی کوردستان ٢ ملیۆن و ٩٥٥ ھەزار دۆنم گەنم چێندراوە و لیژنەی بەغدا ھەڵسەنگاندنی بۆ کردووە و پێشبینی دەکەن ھەر دۆنمێک ٥٠٠ بۆ ھەزار کیلۆ دەبێت، ئەوەش بەپێی زەوی ئاوی و دێمی دەگۆڕێت، بۆیە ئەمڕۆ لیژنەیەکی ھونەری ئێمە لە وەزارەت لە کۆبوونەوەن لەگەڵ لیژنەیەکی ھونەری کشتوکاڵی عێراق بۆ ئەوەی ڕێژەکە دیاری بکەن و دەتوانن ئەمساڵ چەند تەن گەنم لە ھەرێمی کوردستان وەربگرن".

کەریم سلێمان گوتیشی: "پێشتر بەشێوەی ھەڕەمەکی باس لەوەدەکرا ئەو ڕێژەیە وەردەگرین و ئێستا بەڵگەمان ھەیە ئەوانیش ئاگادارن و دەمانەوێت وەکو عێراق گەنممان لێ وەربگرن، بۆیە ئەمساڵ ڕێژەیەکی زیاتر گەنم لە جووتیاران وەردەگرن و ئەمڕۆش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕێژەکە ڕادەگەیەنین و لەگەڵ بەغدا گەیشتینە ڕێککەوتن و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ھاوکارە و باسی لەوەکردووە رێگە نادەن غەدر لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بکرێت".

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار