٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پشتیوان سادق: لە ئاییندەی گەشی كوردستان دڵنیاین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەكشەممە 5/5/2024 لە كۆبوونەوەیەكدا بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر باسی لەو ئاڵنگارییانە كرد كە كوردستان ڕووبەڕووی بووەتەوە و وێڕای ئەوەش گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەن قەزییە و داکۆکیکاری مافە ڕەواکانی گەلی کوردستانە و بە هەموو توانایەک هەوڵ بۆ خزمەت و پارێزگاری لە دەستکەوتە بەدیهاتووەکان دەکات.

كۆبوونەوەكە لە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر، بەڕێوە چوو، تێیدا د. پشتیوان سادق كە سەرپەرشتی دەكرد،  باسی لە دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکانی ناوخۆ و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و لەناویدا ڕۆڵی پارتی لە ڕاگرتنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان لەم دۆخە دژوارەدا بۆ ئامادەبووان ڕوون كردەوە و گوتی: لە سایەی سیاسەتی حەکیمانەی سەرکردایەتیمان، هەرێمی کوردستان لە هەموو لایەنێک هەنگاوی مەزن و گرنگی بڕیوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و ئارامی و سەقامگیری زیاتر دەچێت، بۆیە دڵنیا بن ئاسۆی ئاییندەی هەرێمی کوردستان زۆر گەش و ڕووناکە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەریەك لە چیا هەرکی یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب، میقداد عەلی، باییز زراری و تالب سادق، ئەندامانی مەکتەب ئامادە بوون و لە كۆتاییدا ئامادەبووان بۆچوون و پێشنیازەکانیان بۆ هەڤاڵانی مەكتەبی ڕێكخستن خستە ڕوو و لە گفتوگۆیەكی دیموكراتییانەدا وەڵامی هەمووان دراییەوە و د. پشتیوان دووپاتی كردەوە كە: لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان درێغی ناكەین.

هەواڵی پەیوەندیدار