"٧٠ قوتابخانە لە بەردەڕەش نۆژەندەکرێنەوە"

بەردەڕەش-KDP.info- بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش دەڵێت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٢ملیار و ٥٠٠ملیۆن دیناری بۆ ئێمە تەرخان کردووە و دەستمان بە نۆژەنکردنەوەی ٧٠ قوتابخانە کردووە، ٤٧ قوتابخانە لەوانە تەواو بوونە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش، ماموستا مەھدی خەلیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢٢_٢٠٢٣) سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی قەزای بەردەڕەشی کرد، ئێمەیش ھەندێک داواکاریمان لەبارەی کۆمەڵێک کەموکورتی لە بواری بینای قوتابخانەکان خستەڕوو، بەڕێزیشیان بەڵێنی پێمان دا ھاوکارمان بێت و دەستمان بە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان کرد، لە سنووری ڕوڤیا ١٥ قوتابخانە نوژەنکراونەتەوە کە هەم کۆن بوون هەم شەش پۆلی بوون، دوای گۆڕینی سیستەمی خوێندنی بنەڕەتی بۆ نۆ پۆلی ئێستا قوتابخانەکان کراونەتە ٩پۆل و بە شێوەیەکی باش نۆژەنکراونەتەوە، ئێستا لە نوژەنکردنەوەی٧٠ قوتابخانە ٤٧یان تەواو بوونە.
مامۆستا مەھدی خەلیل گوتیشی: گوژمەی تەرخانکراو بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان لە سنووری قەزای بەردەڕەش لە لایەنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینارە، بەپێی پارەی بەردەست بەردەوامین لە نۆژەنکردنەوە و زیادکردنی پۆل بۆ قوتابخانەکان بەگوێرەی پێویستی سیستمی نوێی پەروەردە.
بڵند ئیبراھیم




