سیروان تۆفیق: ٧٠ کۆمپانیای ھەرێمی کوردستان بەشداری پێشانگای دوبەی دەکەن
_(1)__2024_05_05_h15m31s15__ER.jpg)
ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ھەرێمی کوردستان بەشداری (٣٣)یەمین پێشانگای گەشتیاری دوبەی دەکات و ٧٠ کۆمپانیای گەشتیاری ھەرێمی کوردستانیش لە پێشانگاکە بەشدار دەبن.
سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بڕیارە (٣٣)یەمین پێشانگای دوبەی نێودەوڵەتی بۆ گەشتوگوزاری و بازاڕی عەرەبی بەڕێوەبچێت، دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدار دەبێت، پیشانگاکە لە ڕۆژانی ٦ ھەتا ٩ی ئەم مانگا بەڕێوە دەچێت، ساڵانە دوو ھەزار کۆمپانیا و زیاتر لە ٥٠٠ براند و ١٦٢ وڵات بەشداری ئەو پێشانگای دەکەن، ئەمساڵ دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم ستاندێکی گەورەی لەنێو پێشانگاکە هەیە و ٧٠ کۆمپانیای گەشتیاری فڕۆکەوانیش لە ھەرێمی کوردستان بەشداری تێدا دەکەن.
بەرپرسەکەی دەستەی گەشتوگوزار دەشڵێت: بەشداری ھەرێمی کوردستان لە پێشانگای نێودەوڵەتی دوبەی بە مەبەستی ئەنجامدانی گرێبەستی گەشتیاری و تێکگەیشتنە لەگەڵ کۆمپانیا و وڵاتانی بەشداربوو بۆ ئەوەی وەبەرھێنەری گەشتیاریی و کۆمپانیاکانی گەشتیاری بێنە ھەرێمی کوردستان.
سیروان تۆفیق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئێستا شاندێکی پرۆفیشناڵی گەشتیاری بۆ ئامادەکاریەکان لە دوبەیە، بەشداری دەستەی گەشتوگوزار و کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەرتی گەشتیاری لە ھەرێم دەبێت، چونکە ھەرێمی کوردستان بووەتە دەروازەیەک بۆ ھاتنی گەشتیارانی بیانی.
قائید میرۆ




