سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ: سێ گرفتی جووتیارانی کوردمان لە مووسڵ چارە کرد

نەینەوا -KDP.info- سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ، لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێ: جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان سێ گرفتیان ھەبوو لە ڕادەستکردنی گەنم و جۆی ئەمساڵیان بۆ سایلۆکان، خۆشبەختانە ھەر سێ گرفتمان چارە کرد.
د.ئەحمەد دووبەردانی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ، لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: لە پارێزگای مووسڵ تەنیا دوو ڕێگا بۆ جووتیارانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ھەیە بۆ ئەوەی بتوانن بەرھەمی گەنم و جۆیان ببەن بۆ مووسڵ و ڕادەستی سایلۆی بکەن، لەکاتێکدا کۆمەڵێک ڕێگا ھەیە بەڵام شەش بازگەی لێیە، بۆیە لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان لە مووسڵ قسەمان کردووە، جووتیاران دەتوانن کام ڕێگا بۆ ئەوان نزیکە لەوێوە بەرھەمی خۆیان ببەنە مووسڵ، چونکە ھەندێک جووتیار تێچووی گواستنەوەی بەرھەمیان دەگاتە ئاستێک قازانج لە فرۆشتنی بەرهەمەکەیان ناکەن کاتی ڕادەستی حکوومەتی دەکەن.
دکتۆر ئەحمەد دووبەردانی گوتیشی: جووتیارانی مەخمور، دیبەگە و گوێڕیش بڕیاربوو بەرھەمەکانیان لێوەرنەگرن و نەخرابوونە ناو پلانی کشتوکاڵی، چونکە بەڕێوەبەرایەتی ھەرسێ شوێن لەسەر مووسڵ حیساب نەکراون و لەسەر ھەرێم حیساب کراون، ئەو کێشەیەشمان چارە کرد و خرانە نێوپلانی کشتوکاڵ.
بڕیارە سێ کوردی دیکە بکرێنە بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مەخموور، دیبەگە و گوێڕ، بڕیاریشە سبەی ناوەکان بۆ ئێمە ڕەوانە بکرێت، ئەو کێشەیەش چارە کرا و تەواوی بەرھەمەکانیان لە مووسڵ وەردەگرن، ئێمەیش ئامادەین گرفتێکی دیکەش ھەبێت چارەی بکەین.
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ دەشڵێت: ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، ھەر کێشەیەکی کورد هەبێت کار بۆ چارەکردنی دەکەین، چونکە خەڵک دەنگی بە ئێمە داوە ببینە نوێنەری ڕاستەقینەی ئەوان و خزمەتیان بکەین، ئێمەش لەسەر بەڵێنی خۆمان دەبین و ھەر گرفتێکیان ھەبێت بەجیددی کار بۆ چارەکردنی دەکەین.
بڵند ئیبراھیم




