ڕۆژانە ٧٥ گەشتمان ھەیە و ئامادەکاریشمان کردووە لەگەڵ دیاربەکر دەستپێبکەینەوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر گوتی، ئامادەکاری تەواومان کردووە بۆ ئەوەی گەشتەکانمان لەگەڵ دیاربەکر دووبارە دەستپێبکەنەوە و لە ئێستادا بەرەو وەرزی ھاوین دەچین و گەشتەکانمان بەردەوام لە زیادبوون دان و ئێستا ڕۆژانە نزیکەی ٧٥ گەشتمان لەگەڵ وڵاتان ھەیە.
ئەحمەد ھوشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، تایبهت به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگهیاند: "پێشتر ماوەیەک گەشتی ئاسمانی لەنێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و دیاربەکر ھەبوو دواتر ڕاگیرا و ئێستا دەیانەوێت دووبارە گەشتەکان لەنێوان ھەرێمی کوردستان و دیاربەکر دەستپێبکەنەوە و ھەرکاتێک ئەوان ئامادەبن ئێمەش ئامادەکاری تەواومان کردووە و ئامادەین بۆ ئەوەی دووبارە گەشتە ئاسمانیەکانی نێوان ھەردوولامان دەست پێ بکەینەوە".
ئەحمەد ھوشیار گوتیشی: "بەرەو وەرزی ھاوین دەچین و بەردەوام گەشتەکانمان لە زیادبوون و ئێستا ڕۆژانە نزیکەی ٧٥ گەشتی ئاسمانیمان لەگەڵ وڵاتان ھەیە و بگەینە وەرزی ھاوین گەشتەکانمان زیاتر دەبن، بەڵام چەند لە وەرزی ھاوین نزیک بینەوە ژمارەی گەشتەکانیش زیاد دەبن، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە ئامادەکاری تەواو دەکەین و ئامانجی ئێمەیە گەشتەکان زیاد بکرێن لەگەڵ وڵاتان".
بڵند ئیبراھیم




