نەقیبی سەندیکا بۆ KDP: دەنگدانێک لەبارهی پیشەییبوونی کاری ڕۆژنامەگەری ئەنجام دەدەین

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ڕۆژی جیھانی ئازادی ڕۆژنامەگەرییە، کە لە ساڵی ١٩٩٣ و دوو ساڵ دوای ڕاپەڕینی مەزنی ھەرێمی کوردستان ئەو بڕیارە دەرچووە و ئەو ڕۆژە دیاریکراوە بە ڕۆژی جیھانی ئازادی ڕۆژنامەگەری، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیش دەڵێت، پێویستە ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بەشێک بن لە پاراستنی بەھاکانی نیشتیمانی و کاری ڕۆژنامەگەری لە کوردستان بەشانازیەوە ھاوشانە لەگەڵ ھەموو میدیای جیھانی و کاراکتەرێکی ئەکتیفە لە کوردستان.
حاکم ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، تایبهت به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگهیاند: "٣ی٥ ڕۆژی جیھانی ئازادی ڕۆژنامەگەرییە و ئەمڕۆ ڕۆژی ئەوەیە پێداچوونەوە بکەین لە کوێ کەمووکورتی ھەیە چارەسەر بکرێت، بۆیە کاری ڕۆژنامەگەری لە کوردستان بەشانازیەوە ھاوشانە لەگەڵ ھەموو میدیای جیھانی و کاراکتەرێکی ئەکتیفە لە کوردستان و بەشدارە لە پڕۆسەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستان و ھیوادارین بتوانین ژینگەیەکی ئارامتر بۆ کاری ڕۆژنامەگەری لە ھەرێمی کوردستان برەخسێنین، بۆیە وەکو سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ھاوشان لەگەڵ فیدڕاسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی بڕیاردراوە ڕاپۆرتەکان بەگشتی بڵاو بکرێتەوە و ئەوەی پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە تایبەتمەندی پێبدرێت، وەکو چۆن لە دەستووری عێراقدا ھاتووە و لە ھەمانکاتدا لە ڕۆژانی داھاتوو دەنگدانێک لەسەر پیشەییبوونی کاری ڕۆژنامەگەری ئەنجام دەدەین".
حاکم ئازاد حەمەدەمین گوتیشی: "لەم ڕۆژەدا جەخت لەسەر دوو خاڵ دەکەینەوە، یەکەمیان ئیتیکی ڕۆژنامەنووسی لە پاراستنی بەھاکانی نیشتیمانی و، دووەم پیشەییبوونی کاری ڕۆژنامەنووسان و جیاکردنەوەی ئەو کارانەی لە سۆشیال میدیا بڵاودەکرێتەوە لە کاری ڕۆژنامەنووسی و، ئێمە وەکو سەندیکای ڕۆژنامەنووسان جەخت دەکەینەوە، لەوەی کەمووکورتیمان لە پڕۆفیشناڵی ھەیە، واتە ڕاپۆرتەکانی لەبارەی پێشێلکاری بڵاودەکرێنەوە کەمووکورتی ھەیە لە پڕۆفیشناڵی کاری ڕۆژنامەوانی و پێویستە کاری لەسەر بکەین و ئەو کەمووکورتیانە چارەسەر بکەین، بۆیە لە داھاتوو کار دەکەین بۆ بیمە و دەستەبەری ڕۆژنامەنووسان کە ئەمە ئەرکی لە پێشینەی ئێمەیە".
نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ڕوونیشیکردەوە: "میدیای پیشەیی واتا میدیای ئیتیک و بەڵێننامەی شەرەفی کاری ڕۆژنامەنووسی و ڕاستگۆیی و دەست نەبردن بۆ سەربەخۆیی تاک و تەشھیر نەکردن، میدیای دیکە ھەیە سۆشیال میدیا ئەوەیان میدیای ھاووڵاتییە و لە جیھانیش ھەیە، بەداخەوە ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەگوزەرێ پەرش و بڵاویی زۆری تێدا ھەیە و گێرەشێوێنی ھەیە لە سۆشیال میدیا، کە لە جیھان جیاوازە، بۆیە لە جیھان یەکلابۆتەوە میدیایەک ھەیە میدیای پیشەیی یاساکانی ڕۆژنامەگەری بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسی پیشەییە نەک بۆ ئەوانەی لە سۆشیال میدیا کار دەکەن، بۆیە ڕۆژنامەنووسی پیشەیی زۆر جیاوازە لە ڕۆژنامەنووسی ھاووڵاتی کە لە سۆشیال میدیا کاردەکەن".
بڵند ئیبراھیم




