پرسەنامەی مـەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو (کامەران خەفاف)

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی کادیری تێکۆشەر و ڕاگەیاندنکار و بێژەری دیار و ناسراوی پارتیمان، خوالێخۆشبوو (کامەران خەفاف) دەکات.
دەقی پرسەنامەکەی مەکتەبی سیاسیی بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو(کامەران خەفاف)
بەڕێزان/ خانەوادەی خوالێخۆشبوو (کامەران خەفاف)
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی کادیری تێکۆشەر و ڕاگەیاندنکار و بێژەری دیار و ناسراو پارتیمان، خوالێخۆشبوو (کامەران خەفاف)مان پێگەیشت، کە بە رووداوێکی دڵتەزێنی هاتووچۆ گیانی سپارد، بە خەمناکییەوە پرسە و سەرخۆشی لە بەڕێزتان و کەسوکار و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان و، سەرجەم هەڤاڵ و هاوکارانی خوالێخۆشبوو دەکەین و، خۆمان بە پرسەبار و هاوخەمتان دەزانین و هیوای چاکبوونەوە بۆ خێزانی کوچکردوو دەخوازین، کە لەو رووداوە زامدار بووە.
خوالێخۆشبوو (کامەران خەفاف) ئەندامی هەیئەی گشتی مەکتەبی ڕێکخستنی پێشمەرگە و یەکێک بوو لە کادیر و میدیاکارە دیار و بوێر و ماندوونەناسەکانی بواری ڕاگەیاندن و، لەو ڕووەوە خزمەتێکی زۆری کردووە و بەتایبەتی وەک بێژەرێکی دەنگ زوڵاڵی ئێزگەی دەنگی کوردستان.
ئومێدەوارین دڵنەوایی و هاوخەمی هەڤاڵ و میدیاکاران و هاوکاران و دۆستانی ئەو کۆستە ببێتە مایەی سەبووری و ئارامگرتنتان و لە خەم و خەفەتتان کەم بکاتەوە، داواکارین لە خوای گەورە خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و ئێوەش لە خەم و خەفەت و کۆستی دیکە بەدوور بگرێ.
مـەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢ی ئایاری ٢٠٢٤




