ڕاگەیاندنی پارتی بۆ خانەوادەی (کامەران خەفاف) خۆمان بە ھاوبەشی خەمتان دەزانین

ھەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی بێژەری ناودار (کامەران خەفاف) دەکات.
دەقی پرسەنامەکەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆچی دوایی بێژەری ناودار (کامەران خەفاف).
بەڕێز خانەوادەی خوالێخۆشبوو (کامەران خەفاف)
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەواڵی کۆچی دوایی بێژەری ناودار (کامەران خەفاف)مان بیست، کە بەھۆی ڕووداوی ھاتوچۆوە لە ڕێگەی نێوان ھەولێر-کۆیە گیانی سپارد.
بە خەمناکییەوە پرسەو سەرەخۆشیی خۆمان لە ئێوە و کەسوکار و خانەوادە بەڕێزەکەتان دەکەین، خۆمان بە ھاوبەشی خەمتان دەزانین و، ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ خێزانی کۆچکردوو دەخوازین کە ھەر لەو ڕووداوەدا برینداربووە.
(کامەران خەفاف) پێشمەرگەیەکی دلێر و بێژەرێکی دەنگ زوڵاڵی نیشتیمانپەروەر و دڵسۆزی گەلەکەمان بوو، ھەروەھا ئەندامی ھەیئەی گشتی مەکتەبی ڕێکخستنی پێشمەرگە بوو.
ئومێدەوارین دڵنەوایی و ھاوخەمیی ھاوەڵ و دۆست و ھاوخەباتانی ببێتە مایەی سەبووری و ئارامگرتنتان و لە خەم و کۆستی دیکە بە دووربن.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢ی ئایاری ٢٠٢٤




