٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.سەباح سوبحی: لە پرسی نەوت ئەم کێشەیەی نێوان ھەولێر و بەغدا بەرەو چارەکردن ھەنگاو دەنێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کێشەی کرێی دەرھێنانی نەوت چارەسەر دەکرێت.. دەشڵێ: سەرۆکوەزیرانی فیدڕاڵ جەختی لە چارەکردنی کێشەی کۆمپانیاکانی نەوت کردووە.

د.سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوە کرد، کێشەی کۆمپانیاکانی کەرتی نەوت لە ھەرێمی کوردستان چارە نەکراوە،  بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە ھەنگاوی بۆ نەنراوە، ئێمە پێشتر ئاماژەمان بۆ کردووە، پێویستە دەستکاری خشتەی تێچووی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکان بکرێت، چونکە دیاری کردنی شەش دۆلار و ٨٠ سەنت بۆ دەرھێنانی نەوت زۆر کەمە بەراورد لەگەڵ تێچووی ڕاستەقینەی دەرھێنانی نەوت کە ٢٤ دۆلارە.


ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و غاز دەشڵێت: ئێستا کێشەکە بە ئاراستەی چارەکردندا دەڕوات، سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی دەڵێ، دەبێت ئەو مەلەفە بەتەواوەتی چارە بکرێت، ھەندێ لایەنی ھونەری ماوە ئەویش پێویستی بە چارەی یاسای بودجە ھەیە.


د.سەباح سوبحی جەختی کردەوە: ئەگەر لەنێو یاسای بودجە ھەموارکردنەوەی بۆ بکرێت و ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بکرێت کێشەکە چارە دەبێت و کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی نەوت بەردەوام دەبن لە کارەکانیان لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان.


قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار