لە مێرگەسۆر ژمارەیەک قوتابخانە نوژەن دەکرێنەوە

مێرگەسۆر- KDP.info- بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لەگەڵ دامەزراندنی وانەبێژان کێشەی میلاک چارە دەکرێت..دەشڵێت: لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر ژمارەیەک قوتابخانە نوژەن دەکرێنەوە.
مەجید خانۆ، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر ١٨٢ قوتابخانەی سەر بە حکوومەت و سێ قوتابخانەی ئەھلی و قوتابخانەیەکی نێودەوڵەتی ھەن، ساڵانی پێشتر بەهۆی دووری ناوچەکە کێشەی کەمی میلاک لە سنووری پەرورەدەکەمان ھەبوو، بەڵام ئەمساڵ تا ڕادەیەکی زۆر کێشەی کەمی میلاکمان لەڕێگای مامۆستای وانەبێژەوە چارە کرد.
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر گوتیشی: لە سنووری قەزای مێرگەسۆر ھەزار و ٣٤٠ مامۆستای وانەبێژ ھەن، بەڵام ھەندێ لە مامۆستایانی وانەبێژ خەریکە واز دێنن و دەچنە سەر کارێکی دیکە، ئەگەر حکوومەت مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێنێت ئەوا کێشەی کەمی میلاکی مامۆستا لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر نامێنێت.
مەجید خانۆ ئاماژەیشی دا: پێشتر ژمارەیەک قوتابخانەی سنوورەکەمان نوژەن کردووەتەوە، بەدواداچوون بۆ باڵەخانەی ژمارەیەک قوتابخانەی دیکە کراوە و بڕیارە دوای کۆتایی ھاتنی ساڵی خوێندن، ٣٥ قوتابخانەی دیکە نوژەن بکرێنەوە، ئەوەی لەدەستمان بێت وەک حکوومەت بۆ گەشەکردنی کەرتی پەروەردە لە سنووری مێرگەسۆر درێخی ناکەین و بەردەوام دەبین لەسەر چارەکردنی کێشەکانی پەروەردە.
قائید میرۆ




