د.محه‌مه‌د بازیانی: به‌بێ پارتی هه‌ڵبژاردن ناکرێت

ھەولێر-KDP.info- گوته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی ئیسلامی باس له گرینگی پرۆسه‌ی سیاسی له كوردستان ده‌كات و پێی وایه ئه‌م پرۆسه‌یە به ئینكاری ناكرێت به ڕێكکه‌وتن و لێکگه‌یشتن ده‌كرێت و بەبێ پارتی ھەڵبژاردن ناکرێت.
د.محه‌مه‌د بازیانی بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: جوگرافییایه‌كی فراوان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستاندایه، به‌بێ پارتی هه‌ڵبژاردن ناکرێت، ئێمه وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی ئیسلامی بۆ به‌ڕێز كاك مه‌سعود بارزانی كە وه‌ك ڕه‌مزی كوردستانی و عێراقی و جیهانی پێناسه ده‌كرێت، پێشنیازمان كرد کە بۆ شیعه و سوننه و كورد پێشنیازێك بكات تا ئەگەر به فعلی هه‌ڵبژاردن دواخرا ئێمه زیانی زۆر نه‌كه‌ین، پێشنیاز و قسه‌ی ئه‌و گرینگه، چونكه ڕه‌نگه بۆشایی ده‌ستووری دروستبێت، بۆیه هه‌ڵبژاردنێك پارتی له‌گه‌ڵ نه‌بێت به بڕوای ئێمه ساغ نابێت و گیروگرفت دروست ده‌بێت، خۆ ئێمه ئه‌گه‌ر له‌ناوخۆش گیروگرفتمان هه‌بێت گرینگه له‌ده‌ره‌وه یه‌ك گوتاربین.
گوتیشی: ئه‌و پیشنیازه‌مان له پانێڵێكدا خسته‌ڕوو دواتر له‌لایه‌ن سیاسی و ئه‌كادیمییه‌كانی شیعه و سوننه‌وه پشتیوانی لێ‌کرا، بۆ ئه‌و پیشنیازه كه بەڕێز كاك مه‌سعود بارزانی بانگێشتی هه‌موو لایه‌نه‌كان بكات و كۆیان بكاته‌وه و گرینگه سەقفی داواكاری حزب و لایه‌نه‌كان بهێنرێته خواره‌وه تا گرفته‌كان تیپه‌ڕێنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی گرفته‌كان قوڵ نه‌بنه‌وه ئاساییه هه‌ڵبژاردن بۆ ماوه‌یه‌ك دوابكه‌وێت، سه‌رۆكی هه‌رێم به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ده‌توانێت ئه‌مه بكات و پێویستە سازان بكرێت تا دۆخه‌كه خراپ نه‌بێت.
ڕایشیگه‌یاند: كاك مه‌سعود بارزانی رەمزی کوردە و گرینگه بۆچوونی ئه‌و له‌باره‌ی پرسه‌كانه‌وه بەهەند وەربگیرێت، دەبێت عێراقییه‌كان و دادگای فیدراڵیش بڕوایان پێبهێنرێت كه ئه‌م پرسانه هی ناوخۆی كوردستانن ناكرێت له‌شوێنی دیكه‌وه بڕیار له‌سه‌ر ئێمە بدرێت، پێم وابێت یه‌كێتی ده‌بێت له‌و دۆخه تێبگات، دەبێت هه‌موومان هه‌ست به بەرپرسیارێتیی بكه‌ین و ده‌ست بگرین به‌ئه‌زمونی كوردستانه‌وه.




