"ناوچەی پیشەسازیی سێمێل تەواو بوو"

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی دھۆک دەڵێت، ناوچەی پیشەسازی سێمێل لە دھۆک تەواو بووە و، دەست دەکەین بە دروستکردنی ٥٠٠ کارگە لە ناوچەکە.
بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی دھۆک، دکتۆر ھەڤاڵ سدیق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ناوچەی پیشەسازیی خۆراکی دھۆک لەسەر ھەزار دۆنم زەوی دروستکراوە و ھەموو خزمەتگوزاریەکی بۆ دابینکراوە کە شوێنی ٢٠٠ کارگە و ٣٠٠ کۆگا لەخۆ دەگرێت، ناوچەکە زۆر گرینگە و پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و سەدان ھەلیکار بۆ خەڵک دەڕەخسێنێت."
دکتۆر ھەڤاڵ سدیق گوتیشی: "ناوچە پیشەسازییەکە جووتیاران زیاتر ھاندەدات کاری کشتوکاڵی بکەن بەھۆی ئەوەی بەرھەمەکانیان ساخ دەبێتەوە و دەتوانن لەو کارگانە سوودیان لێ وەربگیرێت و لە کۆگاکان ھەڵبگیرن و ئامادەیان بکەن بۆ ئەوەی ھەناردەی دەرەوەی وڵاتی بکەن، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر گرینگە و لە بەرژوەندی خەڵک و جووتیاران دایە."
باسی لەوەش کرد: ئێستا سەرجەم کارەکانی ناوچەکە تەواوبوون و خەریکی پێدانی مۆڵەتین بۆ دروستکردنی کارگە و کۆگای ھەڵگرتنی بەرھەمەکان کە بەردەوام سەردانمان دەکەن، ئێمەش مۆڵەتیان پێدەدەین و ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن بەزووترین کات کارگە و کۆگا دروستبکەن لەو ناوچەیە کە تایبەتە بە پیشەسازیی خۆراک.
گوتیشی: داوا دەکەین ئەوانەی دەیانەوێت بێن کارگە و کۆگا دروستبکەن سەردانمان بکەن بۆ ئەوەی مۆڵەت وەربگرن، ڕێژەیەکی باش ھاتوون و مۆڵەتیان پێدەدرێت و دەست بە دروستکردنی کارگە و کۆگا دەکەن، دواتریش دەست بەکار دەکەن، بەردەوامیش دەبین لە دروستکردنی ناوچەی نوێی پیشەسازیی لە قەزاکانی دیکەی سنووری پارێزگای دھۆک.
بڵند ئیبراھیم




