سەنگەر کانەبی: لە دوو رێگەوە کار بۆ چارەسەری کێشەی جووتیاران دەکەین

مەخموور-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قەرەچووغ باس لەوە دەکات عەرەبی ھاوردە بە ھاوکاری سوپای عێراق فشارێکی زۆر لە کوردی ناوچەی سەرگەڕان دەکەن بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە دروێنەکردنی بەرھەمەکانیان، بەڵام ئێمە لێرە و لە بەغداش لە ھەوڵداین ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و کۆتایی پێبێت.
سەنگەر کانەبی، بەرپرسی لقی ٢٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قەرەچووغ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەوەی ئێستا لە سەرگەڕان و ناوچەکە دەگوزەرێت ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەو سنوورە کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و ئەمڕۆ خەڵک باجەکەی دەدات و ئێستا فشارێکی زۆر لە خەڵک دەکرێت بۆ ئەوەی بەرھەمەکانیان کە گەنم و جۆیە کاتی دروێنەشە رێگری لێ بکەن و رێگە نەدەن دروێنە بکەن".
بەرپرسی لقی ٢٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قەرەچووغ ڕوونیشیکردەوە: "ئێمە پشتگیری لە برا جووتیارەکانمان لە ناوچەی سەرگەڕان دەکەین لێرە و لە رێگەی نوێنەرانمان لە بەغدا، بۆ ئەوەی ئاسانکاریان بۆ بکرێت و کێشەکە کۆتایی پێبێت، کە ساڵانە ئەو کێشەیە سەرھەڵدەداتەوە، بەتایبەت لەم کاتانەدا کە وەرزی دروێنەی گەنم و جۆیە".
سەنگەر کانەبی گوتیشی: "بەداخەوە سوپای عێراقی بۆتە بەشێک لە کێشە و گرفتەکان و ھاوکار و پشتیوانی عەرەبەکانن، کە دانیشتووی ڕەسەنی سنوورەکە نین و عەرەبی ھاوردەن و لە شوێنی دیکە ھاتوون لەوێ نیشتەجێبوون و گرفت و کێشە بۆ جووتیارانی کورد لەو ناوچانە دروست دەکەن، بۆیە ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین و زیان بە جووتیارانی ئێمە نەکەوێت".
بڵند ئیبراھیم




