٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زێباری زانیاری نوێ له‌باره‌ی دەست بەکاربوونی لیوا هاوبه‌شه‌كان بۆ KDP ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە ھەفتەی داھاتوو دوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەست بەکاربن، راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، دەست بەکاربوونی ئەو دوو لیوایە دەبێتە فاکتەرێکی گرنگ بۆ سەقامگیری ناوچە کوردستانیەکان و دەبێتە ھێڵێکی دیکەی بەرگری بۆ ھەرێمی کوردستان.

بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو دوو لیوایە دروستکراون بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی ھەیە لە ناوچە کوردستانیەکان پڕبکرێنەوە لە خازر تا دەگاتە کەرکووک و خانەقین، بۆیە ئەمە ھێزێکی گەورە دەبێت بۆ نەھێشتنی داعش لەو ناوچانە لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، ھەرچەندە ھێڵی بەرگری عێراق وەکو ھێڵی بەرگری ھێزی پێشمەرگە بەھێز نیە، بەڵام ئەمە دەبێتە ھێڵێکی بەرگری دیکەی پێشەوە بۆ ھێزی پێشمەرگە و ھەرێمی کوردستان".

بابەکر زێباری گوتیشی: "دوو لیوای ھاوبەشن و ھەر لیوایەک چوار فەوجە و ژمارەیان زۆرە، بۆیە لە ھەموو ناوچەکان بڵاوەیان پێدەکرێت لەو ناوچانەی بۆشایی ھەیە و داعش ھاتووچۆی لێ دەکەن و ئەگەر پێویست بێت ئەوکات لیوای دیکە پێکدێن، بۆیە کاریگەری لەسەر ئەوەش دەبێت کە لەو ناوچانە ھەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکرێت، بۆیە کاریگەری زۆر باشی دەبێت".

ناوبراو دەشڵێت: "ئەو دوو لیوایە سوودی بۆ کوردیش دەبێت بەھۆی ئەوەی لەو ناوچانە زۆرینەی کوردن و دەتوانن پارێزگاری لە کورد بکەن، لە ھەردوو لیوا پۆستی باڵایان دەبێت و ئەو عەرەبانەی لەناو لیواکەش ھەن  ھاوکارن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە".

دوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکھاتوون و مووچەیان بۆ دابین کراوە و مەشق و ڕاھێنانیان کردووە و بڕیارە ھەفتەی داھاتوو دەست بەکاربن لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار