پێکهاتەکان نووسراوێکیان پێشکەش بە دادگای فیدڕاڵ کرد

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان زانیاری دا، ئەمڕۆ لایەنە تورکمانی و کریستیانەکان نووسراویان بۆ دادگاو سەرۆکایەتیی هەرێم و عێراق ناردووە بۆ گەڕانەوەی کورسی کۆتاکان.
محمەمە سەعدەددین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دوێنێ لایەنەکانی تورکمان و پێکهاتەکان نووسراوێکیان واژوو کرد و ئەمڕۆ نووسراوەکەیان ئاراستەی دادگای فیدڕاڵی و هەرسێ سەرۆکایەتی عێراق و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کردووە، نووسراوەکە تایبەتە بە کورسی کۆتا، داوامان کردووە کورسی کۆتاکان بگەڕێتەوە.
گوتیشی" بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدڕاڵی هەر بڕیارێک لەبارەی پێکهاتەکان بووە هۆی دروستکردنی ناسەقامگیری ئەوا دەتوانرێت پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و، بڕیار بۆ راستکردنەوەی بدرێت."
محەمەد سەعدەددین ئاماژەیشی دا، "ئەگەر پێشتر بۆ ھەڵبژاردن کۆدەنگی نەبێت و سازان نەبێت، ئەوا هەڵبژاردن ناکرێت، ئەوانەیشی ئێستا زۆر جیددین له سەر هەڵبژاردن بەبێ بەشداری پارتی و پێکهاتەکان، هەر ئەوانەش ددان بەهەڵەی خۆیان دەنێن و لە میدیاکان هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن رووندەکەنەوە، چونکە هەڵبژاردنێک بەبێ چارەکردنی کێشەکان سەرناگرێت.
قائید میرۆ




