٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی ١٧ پارتی بۆ KDP: بۆ ئەم پرسە دوو رێگە ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال گوتی، ئەو ھەوڵەی دەدرێت كە بە زۆرینە قایمقام و ئیدارەی شنگال دیاری بکرێت بە ھەموو شێوەیەک ڕەتدەکەینەوە و دەبێتە ھۆکاری ناسەقامگیری و تێکچوونی پێکەوەژیان لە مووسڵ، چونکە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی یاسایی ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە دوو رێگە ھەیە.

نازم ھەرکی، بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بۆ دانانی قایمقام و ئیدارەی شنگال دوو رێگەمان ھەیە، ئەوانیش جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق کە ئەمە باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی ئیدارەیەکی تازە بۆ شنگال دابنرێت بەدەر لەمە خۆسەپاندنە، ھەروەھا بەکارھێنانی زۆرینە لەناو ئەنجومەنی پارێزگا  ڕەتدەکەینەوە و قایمقامی شنگال مافی پارتییە، چونکە ئەمە پێشێلی یاسایە و بەپێی یاسا پێویستە دوای شەش مانگ لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی قەزاکان بکرێت و ئەگەر یاسا جێبەجێ نەکرێت پێشێلکردنی یاسایە و ئەگەر ھەڵبژاردن کرا ئەوەی دەرچوو پیرۆزی بێت، ئەگەرنا ئەوەی ھەوڵی بۆ دەدرێت ڕەتدەکەینەوە و ئەگەر دەیانەوێت بەزۆریش جێبەجێ بکەن با ھیچ کاتێک چاوەڕێی ئەوە نەکەن ئەمنیەت و سەقامگیری لە نەینەوا بەگشتی و لە شنگال بەتایبەتی دروست بێت".

نازم ھەرکی گوتیشی: "ئێمە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە پێویستە قایمقامی شنگال بۆ پارتی بێت و ھەموو ھەڵبژاردنێکیان لە بەردەم ھەیە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەین ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت، یاخود ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی قەزاکان بکرێت ئەوکات کێ دەرچوو پیرۆزی بێت، ئەگەریش جورئەتی ئەوە ناکەن ھەڵبژاردن بکەن ئەوکات ئێمەش دەست بەرداری قایمقامی شنگال نابین".

ھەرکی باسی لەوەشکرد: "بەداخەوە لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ھەندێک لایەن دژی سازان و تەوافقن و ھەوڵدەدەن زۆرینە بەکاربێنن و ئەمەش کارێکە شایەنی نەینەوا نیە و پێویستە ئەمنیەت و سەقامگیری و پێکەوەژیان ھەبێت، چونکە موڵکی یەک پێکھاتە نیە و عێراقێکی بچووککراوەیە و ھەموو ئایین و نەتەوەیەک لە مووسڵ ھەیە، بۆیە بەھیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین و دەبێتە ھۆکاری تێکدانی پێکەوەژیان، بۆیە ئەوانەی خۆیان دەسەپێنن نابێت ئەو سیاسەتە پەیڕەو بکەن و پێویستە تەوافق و تەوازن ھەبێت و پێویستە بەپێی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار