بڕیار دەدرێت چەند گەنمی ئەمساڵی ھەرێم وەربگیرێت

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بڕیار لەسەر ڕێژەی ئەو گەنمە دەدرێت کە بڕیارە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان ڕادەستی حکوومەتی فیدڕاڵی بکەن، دەشڵێ، داوامان کردووە دەرگای سایلۆکان زوو بکرێنەوە بۆ وەرگرتنی بەرھەمی گەنم و درەنگیش پڕۆسەکە کۆتایی بێت.
زۆزان کۆچەر، جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەیەکی ھونەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە بۆ دیاریکردنی ڕێژەی بەرھەمھێنانی گەنم لە ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەمساڵ سێ ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم داچێندراون و پێشبینی دەکرێت بەرھەمی گەنمی ئەمساڵ بگاتە یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار تۆن گەنم، ئەمڕۆ وەزیری کشتوکاڵی ھەرێم سەردانی لیژنەی کشتوکاڵی لە پەرلەمانی عێراق کردوو چەندین تەوەر باسکران لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، یەکێک لەو پرسانەی باسی لێوەکرا وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانە".
جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ گوتیشی: "لیژنەی تایبەت دەبێت بۆ پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم و دیاریکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لیژنەکە بڕیار دەدرێت چەند گەنمی ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان وەربگیرێت، ئێمە داوامان کردووە ڕێژەی وەرگرتنی گەنم ھاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق بێت، واتە چۆن مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت بهھەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستانیش بکرێت".
کۆچەر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ساڵی ڕابردوو دەرگای سایلۆکان درەنگ بەڕووی جووتیاران کرانەوە و زووش داخران، ئەمساڵ داوامان کردوە لە کاتێکی زوودا دەرگای سایلۆکان بەڕووی جووتیارانی ھەرێم بکرێتەوە و درەنگیش پڕۆسەکە بۆ وەرگرتنی گەنم کۆتایی بێت، چونکە ساڵی ڕابردوو ھێشتا ھەندێ جووتیاری ئێمە بەرھەمەکەیان دروێنە نەکردبوو دەرگای سایلۆکان داخرا".
قائید میرۆ




