خەسرۆ ئاژگەیی: بەرپرسانی بەریتانیا دەڵێن، بەرگریی لە ھەرێم دەکەین
__2024_04_29_h16m42s7__ER.jpg)
بەریتانیا-KDP.info- بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەورووپا دەڵێت، بەریتانیا پشتگیری و بەرگریی لە ھەرێمی کوردستان دەکات..ئاماژەیشی دا، بەریتانیا خۆی بە دۆست و ھاوبەشی ستراتیژی ھەرێمی کوردستان دەزانێت و، نیگەرانە لەو ھەڕەشانەی لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەن.
خەسرۆ ئاژگەیی، کارگێڕی لقی ئەورووپای پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە ماوەکانی رابردوو ژمارەیەک سیاسی و بەرپرسی وڵاتی بەریتانیام بینیوە و سیاسەتی وڵاتەکەیان بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان ئاشکراکردوە، کە وڵاتی بەریتانیا خۆی بە دۆست و ھاوبەشی درێژخایەن و ستراتیژی ھەرێمی کوردستان دەزانێت، ھەر لەو چوارچێوەیەدا پەیوەندییەکانیان لە ھەموو بوارەکاندا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەبەن، ھەروەھا پشتگیری سەقامگیری ھەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی ھەموو ئەو ھەڕەشانەی لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەن دەکەن. بەریتانیا ھەڕەشەکانی سەر ھەرێم لەچەندین لاوە ھەستی پێدەکەن، ھەڕەشەی میلیشیا چەکدارەکان بۆسەر ھەرێمی کوردستان و تێکچوونی پەیوەندی نێوان ھەرێم و بەغدا، لەبەر ئەوەش بەریتانیا و ئەمریکا و رۆژئاوا بەگشتی دەیانەوێ پەیوەندی نێوان ھەرێم و بەغدا سەقامگیربن و کێشەکان چارەسەر بکرێن و ئەوان بۆ ئەم بابەتە ھاوکارو پشتیوان دەبن."
خەسرۆ ئاژگەیی لەبابەت دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی پێوەندار لە وەزەراتی دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، " ئەوان لەگەڵ ئەوەن نێوماڵی کۆردستان یەکریز بێت، پێوەندی ھێزە کوردستانییەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی بەھێز بێت، ئەمە دەرفەتێکی باشتر دەداتە ھەرێم تا ل بەغدا و ناوچەکە کورد بەیەک گوتار بتوانێ بەھێزتر بێت.
ئاژگەیی دەشڵێت، روانگەی بەریتانیا وایە کە ھەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر سەقامگیری ناوچەکە ھەیە، ئەوەی وایکردووە ھەرێمی کوردستان ببێتە ئەکتەری سەرەکی لە ناوچەکە چونکە رۆڵی ھەبووە لە لێک نزیکردنەوەی وڵاتانی ناوچەکە.
جەختی کردەوە، ئەوەی وایکردووە پەیوەندی بەھێز لەنێوان ھەرێم و بەریتانیا ھەبێت بڕوابوونی ھەرێمی کوردستانە بەھەموو ئەو بەھایانەی رۆژئاوا بڕوای پێیەتیی لەوانەش، بابەتی دیموکراسی و ئازادی و پێکەوەژیان و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پێکھاتەکان، بەوانەشەوە کە خەڵکی ھەرێمی کوردستان نین و لەھەرێم نیشتەجێبوونە.
خەسرۆ ئاژگەیی روونی کردەوە، "بەریتانیا و ئەمریکا ئاگاداری ھەڕەشەکانی سەر ھەرێمی کوردستانن و پابەندن بەوەی بەرگریی لە ھەرێمی کوردستان بکەن و پارێزگاری لە ھەرێم بکەن، بەڵام پێویستە ھەرێمی کوردستان بەردەوامبێت لەسەر ھەنگاوەکانی بۆ بنیاتنانی بە دامەزراوەیی کردنی دەزگاکانی ھەرێمی کوردستان و چاکسازی، بەتایبەت چاکسازی لەنێو ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و دامەزراندنی ھێزێکی یەکگرتوو، چونکە بەریتانیا رۆڵی ھەیە لە رێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە و کارەکانیان ئاسان دەکات، بینیمان کە لەشەڕی بەرەنگابوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەریتانیا و ئەمریکا ھاوکاری و ھەماھەنگی زۆریان پێشکەش بە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد.
خەسرۆ ئاژگەیی دەشڵێت، "ئەمریکا و بەریتانیا نیگەرانن لەو ھەڕەشانەی لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەن، لەوانە ھەڕەشی گروپە چەکدارەکانی نێو عێراق و ھەڕەشەی گروپە چەکدارە تیرۆرستییەکان و گروپی تیرۆریستی داعش، پێش ١٠ ساڵ داعش ھەڕەشەی سەرەکی بوو ئێستا وەک پێشتر نەماوە، بەڵام مەترسییەکانی داعش تا رادەیەک ھەر ھەن، نەبوونی پەیوەندیەکی سەقامگیر لەنێوان ھەولێر و بەغدا یەکێکی دیکەی نیگەرانیەکانی بەریتانیا و ئەمریکایە بەردەوام دەیانەوێ کێشەکان بە دانوستان چارە بکرێن و پەیوەندییەکی ئاسایی لەنێوان ھەرێم و بەغدا ھەبێت.
قائید میرۆ




